دەرزی لینجی چییە؟

تەندروستی

19/11/2020     ژمارەی بینراو 1101

دەرزی لینجی


ڕاچڵه‌كین-

ئەم دەرزیە بەكار دەهێنرێت بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی داخورانی جومگەكان ( سەوەفان ) بەتایبەتی سەوەفانی جومگەی ئەژنۆكان، دكتۆر عومه‌ر پسپۆڕی نەخۆشیەكانی ئێسك و جومگە و فەقەرات له‌م بابه‌ته‌دا به‌ وردی باس له‌ ده‌رزی لینجی ده‌كات كه‌ بۆ كێ به‌كاردێت و كاریگه‌ری چییه‌؟

ئەم دەرزیە لەم چەند ساڵەی ڕابردودا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە لە بواری چارەسەری نەخۆشی داخوران و سەوەفانی جومگەی ئەژنۆ ، بۆیە ئێستا بە ڕادەیەكی زۆر بەكار دەهێنرێت لە وڵاتە ئەوروپی و پێشكەوتوەكاندا چونكە سودێكی زۆری هەیە و كاریگەری لاوەكی و زەرەری نییە تەنانەت ئەگەر ساڵانە چەند جارێكیش بەكار بهێنرێت .

ئەم دەرزیە ناوە زانستیەكه‌ی بریتە لە هایلۆرۆنیك ئەسید ( Hyaluronic Acid ) ، كە مادەیەكی سروشتی لینجە وەكو جێڵ ، ئەم مادەیە بە سروشتی بوونی هەیە لە ناو شلەی جومگەی ئاساییدا ( Synovial fluid) كە یارمەتیدەرە بۆ چەوركردنی ناوەوەی جومگە و ئاسانكردنی جوڵە لە نێوان ئێسكەكانی جومگە ، بەڵام لە حاڵەتی نەخۆشی سەوەفان ئەم مادە لینجیە كەم دەبێتەوە لەناو جومگە بەمەش توشی لێكخشان و داخورانی كڕكڕاگە و ئێسكی ناو جومگەكە دەبێت ، بۆیە بەكارهێنانی ئەم دەرزیە جارێكی تر ڕوپۆشی ناوەوەی جومگەكان چەور دەكاتەوە بەمەش جوڵەی جومگەكە دەگێڕێتەوە بۆ باری ئاسایی و ئازاڕی جومگەكەش كەم دەكاتەوە و بەمەش ڕێگری دەكات لە زیاتر داخورانی كڕكڕاگەی ناو جومگەكان .

 كاریگەری ئەم دەرزییە :
1- بەكارهێنانی دەرزی لینجی هۆكارە بۆ كەمكردنەوەی هەوكردن ( إلتهاب ) و ئازاری جومگە كە دروست دەبێت بەهۆی سەوەفانەوە ( ئەم دەرزیە بە تەنها ئازار شكێن نییە ) ، بەو شێوەیە جارێكی تر یارمەتی گەڕانەوەی جوڵە و بەكارهێنانی جومگەكە دەگێڕێتەوە.

2- ئەم دەرزیە زیاتر بەسودە بۆ چارەسەری سەوەفانی سەرەتایی و مامناوەند وە هەندێ جار بۆ حاڵەتی داخوران و سەوەفانی پێشكەوتوش بەكار دەهێنرێت.

كاریگەری ئەم دەرزییە دوای3-4 هەفتە لە بەكارهێنانی بەتەواوی دەردەكەوێت و مەرجیش نییە لە هەموو نەخۆشێك هەمان نەتیجە و كاریگەری هەبێت، بە شێوەیەكی گشتی هەندێ نەخۆش 6 مانگ و هەندێ نەخۆش1ساڵ سودی لێ دەبینن .

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن