جەمال کۆچەر: تەنها رەبولعالەمین و بەرپرسانی هەرێم دەزانن مووچەی فەرمانبەران چی لێ دێ

کوردستان

21/11/2020     ژمارەی بینراو 381

راچڵەکین-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەخت لەسەرئەوەدەکاتەوە گەر ئەمجارە هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دیاریکراوە، پێناچێت بەغدا هیچ بڕە پارەیە بۆ هەرێم بنێرێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، گەر هەرێم پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دانراوە، ئەرکی نوێنەرانی کورد لە بەغدا قورس دەبێت، لەوانەیە سیناریۆی تپەڕاندنی یاسای قەرز بێ خواستی کورد، لە بودجەی 2021 یشدا دووبارە ببێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرێمی کوردستان تا ئێستا پابەند نەبووە، بۆیە بۆ هەموومان قورسە بەرگری بکەین و چەکی دەستمان لاوازە، چونکە هەرێم هیچی ڕادەست نەکردووە، بۆیە هەرێم لە تاقیکردنەوەدایە، گەر پابەند بێت، ئیشمان ئاسان دەبێت، گەر پابەندیش نەبێت، قورسە بەرگری بکەین."

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێیوانیە هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە مەرجەکانەوە، وەکو ئەوەی کە حکومەتی عێراق دەیەوێت، وتی"لەوانەیە هەرێم پابەند بێت، بەڵام نەک وەکو ئەوەی بەغدا داوایدەکات، ئەوەی بەغدا دەیەوێت، بەهیچ شێوەیەک پێموانیە هەرێم پابەند بێت."

جەمال کۆچەر، سەبارەت بە چارەنوسی مووچەی فەرمانبەران لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتنی هەرێم و عێراق راشیگەیاندووە:"تەنها رەبولعالەمین دەزانێت، دواتریش ئەوانەی هەرێم دەزانن، چونکە تەنها خۆیان دەزانن، چۆن بڕیار دەدەن." 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن