شـێرپەنجەی گەدە چیە و کێ توش دەبێت؟

تەندروستی

25/11/2020     ژمارەی بینراو 1269

شـێرپەنجەی گەدە


ڕاچڵه‌كین-

شێرپەنجەی گەدە جیادەکرێتەوە بە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان لە ناوپۆشی گەدە، هەروەها ناودەبرێت بە gastric cancer ، ئەم جۆرەی شێرپەنجە قورسە بۆ دەستنیشانکردنی چوونکە زۆرینەی خەڵک نیشانەکان تێیاندا دەرناکەوێت لەسەرەتای قۆناغی نەخۆشیەکە، دكتۆر سه‌ركه‌وت پزیشكی پسپۆڕی هەرس و جگەر له‌م بابه‌ته‌دا ڕونیده‌كاته‌وه‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ گه‌ده‌ چییه‌ و كێ توشیده‌بێت.

هۆکارەکانی شێرپەنجەی گەدە چین؟

گەدە یەکێکە لە ئەندامەکانی بەشی سەرەوەی ڕێڕەوی هەرسکردن کە فرمانی سەرەکی هەرسکردنی خۆراکە و پاشان ناردنی بەرەو ڕیخۆڵەکان، شێرپەنجەی گەدە ڕوودەدات کاتێک ئەو خانە ئاساییانەی کە هەن لە ناو گەدەدا بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵ نەکراو گەشە دەکەن و وەرەم دروستدەبێت، ئەم کردارەش بەشێوەیەکی هێواش و لەسەرخۆیی ڕودەدات ، شێرپەنجەی گەدە دروستدەبێت و گەشە دەکات بەماوەی چەندین ساڵ.

ئەو حاڵەتانە کامانەن کە مەترسی زیاتر دروستدەکەن بۆ توشبون بە شێرپەنجەی گـەدە؟

شێرپەنجەی گەدە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە دروستبونی وەرەم لە گەدەدا، کۆمەڵێک هۆکار و فاکتەر هەیە کە مەترسی زیاتر دروستدەکات بۆ توشبون بە شێرپەنجەی گەدە هۆکارەکانیش خۆی دەبینێتەوە لە کۆمەڵێک حالەت و نەخۆشی تەندروستی، لەوانە :-

1- حاڵەتی lymphoma کە گروپێکە لە شێرپەنجەی خوێن.

2- هەوکردن بە بەکتریای H-pylori کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕودانی برینی گەدە.

3- وەرەم یان برینی شێرپەنجەیی لە بەشەکانی دیکەی سیستمی هەرس.

4- حاڵەتی stomach polyps (بریتییە لە نا ئاسایی گەشەکردنی شانەکانی ناوپۆشی گــەدە).

هەروەها شێرپەنجەی گــەدە زیاتر باوترە لەگەڵ ئەمانەدا:-

1- کەسانی بەتەمەن ، بەتایبەت تەمەنی 50 ساڵ یان زیاتر.

2- ڕەگەزی نێر(پیاوان).

3- کەسانی جگەرەکێش.

4- ئەو کەسانەی کە پێشتر لە خێزانەکەیدا کەسی توشبو هەبوبێت.

5- دانیشتوانی جوگرافیایی تایبەت، بەتایبەت چەند ناوچەیەکی ئاسیا.

6- مێژووی خراپ بەکارهێنانی ئەلکهول.

7- پێشتر نەخۆشەکە نەشتەرگەری گەدەی کردبێت.

نیشانەکانی شێرپەنجەی گەدە چین؟

توێژینەوەکان دەریان خستووە کە شێرپەنجەی گەدە هیچ نیشانەو دەرکەوتەیەکی نیە و سەرەتا هەستی پێناکرێت لە قۆناغی سەرەتایی حاڵەتەکە هەتا حاڵەتی گەشەسەندووی نەخۆشیەکە نزیکدەبێتەوە لەو کاتەدا چەند نیشانەیەکی باو دەردەکەون لەوانە:-

1- هێڵنجدان و ڕشانەوە.

2- زۆر دووبارەبونەوەی دڵەکزێ.

3- نەمانی ئارەزووی خواردن، زۆرجار بەشێوەیەکی کتوپڕ دابەزینی کێش ڕودەدات.

4- دوای خواردنی بڕێکی کەمی خۆراک هەست بە تێربوون دەکرێت.

5- بوونی خوێن بە پیساییەوە.

6- زەردویی.

7- زۆر شەکەتی و ماندوویی.

8- ئازاری گەدە، وە لەوانەیە ئازارەکە توندتر بێت لەدوای خواردن.

چۆن پشکنین ئەنجامدەدرێت بۆ شێرپەنجەی گەدە؟

زۆرجار لە قۆناغی گەشەسەندووی شێرپەنجەی گەدە پشکنینەکان ئەنجامدەدرێت، پشکنینەکانیش سەرەتا خۆی دەبینێتەوە لە پشكنینه‌ فیزیاییەکان بۆ دەرخستنی هەر بارێکی نائاسایی، دواتر پشكنینی خوێن ئەنجامدەدرێت بۆ بەدەرخستنی بەکتریایی گەدە H-pylori ئەگەر هەبێت، دوای ئەوەی کە پزیشک گوومانی بوونی شێرپەنجەی گەدەی کرد ئەوا پەنا دەباتە بەر پشکنینی وردتر وەک :-

1-نازووری گەدە

‏2- an upper gastrointestinal endoscopy

‏3- a biopsy تێیدا نمونەیەک یان سامپلێک وەردەگیرێت لە شانەی گەدە و پاشان پشکنینی بۆدەکرێت

4- پشكنینه‌ وێنەییەکان وەک CT-scan و X-ray.



چارەسەرکردنی شێرپەنجەی گــەدە بە بەکارهێنان و ڕەچاوکردنی یەکێک یان زیاتر لەم ڕێگایانە دەبێت:-

1- چارەسەری کیمیایی chemotherapy.

2- چارەسەر بە تیشـکــدان radiation therapy.

3- نەشتەرگەری Surgery.

4- چارەسەری بەڕێگەی بەهێزکردنی سیستمی بەرگری immunotherapy وەک بەکارهێنانی دەرمان یان ڤاکسین.

بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردنی جۆرێتی چارەسەرەکە پشت دەبەستێت بە قۆناغ و بنچینەی شێرپەنجەکە، هەروەها تەمەن و تەندروستی گشتی کەسەکە ڕۆڵ دەبینن.

ئامانج لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی گەدە بە مەبەستی ڕێگری کردنە لە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە ، ئەگەر بێت و حاڵەتەکە پشت گوێ بخرێت و چارەسەر نەکرێت ئەوا مەترسی بڵاوبونەوەی هەیە بۆ ئەم بەشە سەرەکییانەی لەش ، وەک :

1- سییەکان.
2- لیمفە گرێیەکان.
3- ئێسک .
4- جـگەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن