هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری خه‌مۆكی

ستایل

29/11/2020     ژمارەی بینراو 4086

خه‌مۆكی


ڕاچڵه‌كین-

هەموومان کەم تا زۆر تووشی خەمۆکی دەبین بەهۆی ڕووداوێک، لە دەستدانی کەسێک یان کارەکەت و چەندان هۆکاری تر،بەڵام دوای ماوەیەک ئاسایی دەبێتەوە کە بەمەش دەوترێت reactive depression؛ بەڵام لە هەندێک کەسدا خەمۆکی بەردەوام دەبێ و چاک نابێتەوه‌.

خەمۆکی ئەو خۆشییەیە کە ساڵانە بە نزیکەیی یەک کەس لە هەر ١٥ کەسێکدا تووشی دەبێت. وە یەک کەس لە هەر شەش کەسێکدا لە ماوەی ژیانیان بۆ جارێکیش بێ ئەم حاڵەتە ئەزموون دەکەن. بە نزیکەیی ٢٦٤ ملیۆن کەس بەدەست خەمۆکییەوە دەناڵێن. خەمۆکی دەکرێت لە هەر کاتێکدا ڕووبدات، بەڵام بە گشتی لە کۆتاییەکانی هەرزەکاری و ناوەڕاستی بیستەکان ڕوودەدات. ژنان زیاتر توشدەبن بەراورد بە پیاوان. بە پێی هەندێک توێژینەوە یەک لەسەر سێی ژنان تووشی ڕووداوێکی خەمۆکی قورسدەبن لە ژیانییان. بەڵام ئەمەش ڕەنگە بەهۆی ئەوەبێ کە ژنان زیاتر پزیشک دەبینن و چارەسەر وەردەگرن.

خەمۆکی نەخۆشییەکی دەروونیییە کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاردەکاتە سەر هەستەکان و بیرکردنەوە و ڕەفتارەکان، هۆی دڵتەنگی بەردەوام و لەدەستدانی ئارەزووە بۆ ئەنجامدانی چاڵاکییەکان، دەبێتە هۆی چەندین کێشەی سۆزداری و جەستەیی.

جۆرەکانی خەمۆکی:

1-  خەمۆکی بەردەوام: بەلایەنی کەمەوە دوو ساڵ دەخایەنێ
2-  خەمۆکی دوای منداڵبوون: قەلەقی و خەمۆکی کە نزیکەی دوو هەفتە دوای منداڵبوون ڕوودەدات.
3- خەمۆکی شێتی: ڕوودەدات کاتێک کەسێک خەمۆکییەکی توند و جۆرێک شێتی هەیە وەک بیر و باوەڕی هەڵە و بینینی تەن و کەسێک کە خەیاڵین.
4- خەمۆکی وەرزی: لە زستاندا سەرهەڵدەدات کاتێک خۆر کەم دەردەکەوێت و لە بەهار و هاویندا توند دەبێ. ساڵانە دووبارە دەبێتەوە
5-نەخۆشی دووجەمسەری: کەسێکی دووجەمسەر لەکاتی هەبوونی دڵتەنگییەکی لە ڕادەبەدەر بە خەمۆکی هەژمار دەکرێ.

نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازن، بە شێوەیەکی گشتی:

1- هەستکردن بە دڵتەنگی و بێهیوایی
2- توڕەبوونی لەناکاو لەسەر شتی بچوک
3- لە دەستدانی ئارەزوو بەرامبەر ئەو چاڵاکییانەی پێشتر چێژبەخشبوون
4- گۆڕانکاری لە ئارەزووی خواردن ( بەرزبوون یان نزمبوونی کێش)
5-تێکچوونی خەو (خەوتنی زۆر یان کەم)
6- - قەلەقی و نا ئارامی
7- لەدەستدانی وزە و ماندووێتی لە ڕادەبەدەر، بۆ ئەنجامدانی بچوکترین کردار هەوڵێکی زۆر دەدات
8- جوڵەی جەستەی ناڕێک و ناپێویست وەک نەتوانینی دانیشتن بەبێ جوڵە، لێکخشاندن و جوڵەی زۆری دەستەکان، قسەکردنی هێواش.
9- هەستکردن بە بێنرخی و تاوان.
10- کێشە لە بیرکردنەوە و وەبیرهاتنەوەی شتەکان و تەرکیزکردن و بڕیاردان.
11- بیرکردنەوە لە مردن و خۆکوشتن و ئەنجامدانی خۆکوشتن.
لە هەندێک کەسدا نیشانەکان ئەوەندە توندن، دەبنە هۆی کێشە لە قوتابخانە و کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

بۆ دەستنیشانکردنی خەمۆکی لە کەسێکدا پێویستە نیشانەکان بە لایەنی کەم دوو هەفتەیان خایاندبێ و گۆڕانکاری لە ئاستی چالاکییەکان ڕوویدابێ.
هەندێک حاڵەتی وەک کێشەکانی پایرۆید و کەمی ڤیتامین و لووی مێشک نیشانەکانییان نزیکە لە خەمۆکی.

هۆکارەکانی:

کیمیایی و زیندەیی لەش: جیاوازی و گۆڕانکاری لە فرمانی کیمیاییەکانی مێشکدا دەبێتە هۆی نیشانەکانی خەمۆکی
هۆڕمۆنەکان: گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هۆڕمۆنەکان، بەتایبەتی ئەو هۆڕمۆنانەی پەیوەندییان بە دڵخۆشی هەیە وەک دۆپەمین، سیرۆتۆنین، نۆرۆپێنیفرین. وە هۆڕمۆنی پرۆجسترۆن ئێسترۆجین لە کاتی یان لە دوای دووگیانی، وەستانی سوڕی مانگانە. هۆڕمۆنەکانی پایرۆیدەڕژێن لە کاتی نەخۆشی پایرۆید. هۆڕمۆنەکانی کۆرتیزۆرل و یٔەدریناڵین لەکاتی هەبوونی فشار.

بۆماوەیی: دەکرێ لە خێزانێکدا خەمۆکی هەبێ و بۆ نەوەکانیش بگوازرێتەوە، بۆ نمونە ئەگەر دووانەیەکی لێکچوو توشبووبێ، دووانەکەیتر چانسی لە %٧٠ ی هەیە بۆ توشبوون. وە زانایان پێییانوانیە هەندێک جین بەهاوکاری هۆکارە دەرەکییەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی هۆڕمۆنی دڵخۆشی وەک سیڕۆتۆنین.

پلی پێشەوەی مێشک کە بەرپرسیارە لە وەڵامدانەوەی هەستەکان و کۆنتڕۆڵکردنی هۆڕمۆنەکانی دڵخۆشی، بەهۆی ئەزموونەکان و هۆکارە ژینگەییەکانەوە کاریگەر دەبێ. ئەو کەسانەی خەمۆکییان هەیە، چاڵاکی پلی پێشەوەی مێشکییان کەمە.

ئەو کەسانەی مەترسی توشبوونی خەمۆکییان هەیە:

1- کەسایەتی:
 ئەو کەسانەی باوەڕیان بەخۆیان نییە و بەهۆی فشارەوە تووشی پەشۆکان دەبن و ڕەشبینن.
هۆکارە ژینگەییەکان (دەرەکییەکان): یٔەو کەسانەی بەردەوام تووشی توند و تیژی، پشتگوێخستن و هەژاری دەبن.
ڕووداوی کۆستی دەروونی وەک توندوتیژی جەستەیی و سێکسی، لەدەستدانی کەسێک، کێشە لە پەیوەندییەکاندا.
بەکارهێنانی ماددە کهولییەکان.
-ئەو کەسانەی هاوڕەگەزخوازن یان ڕەگەزییان دەگۆڕن و پشتگیرییان ناکرێن و توشی توند و تیژی دەبنەوە.
-هەبوونی نەخۆشی تری دەروونی وەک قەلەقی و نەخۆشی خۆراک و تێکچوونی دەروونی دوای شۆک.
-نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ.
-بەکارهێنانی هەندێک حەپ و چارەسەر وەک حەپی کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن.

ئەگەر خەمۆکی بەردەوام بێ و چارەسەر نەکرێ، دەبێتە هۆی:
1- قەڵەوی
2- ئازاری جەستە
3- ئالودەبوون
4- قەلەقی و فۆبیای کۆمەڵایەتی و تۆقین
5- کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و کێشە لە کارکردندا
6-خۆکوشتن
7-ئازاردانی خود وەک بڕینی دەست

زۆرجار خەمۆکی لەگەڵ خەمخواردن و پەژارە تێکەڵدەکرێ، بەڵام:
لە پەژارەدا دڵتەنگی کەم و زیاد دەکات و بیرەوەرییە ئەرێنییەکان لەگەڵی تێکەڵدەبن. لە خەمۆکیدا دڵتەنگی بەلایەنی کەمەوە بۆ دوو هەفتە بەردەوام دەبێ.

لە پەژارەدا باوەڕ بەخۆبوون بەردەوامە. لە خەمۆکیدا هەمیشە هەست بە بێنرخیۆدەکات،خۆشبەختانە خەمۆکی دەتوانێ چارەسەر بکرێ، وە هەتا زووتر چارەسەر وەربگری، کاریگەری زیاتر دەبێ. بە بەکارهێنانی حەپ و دەرمانی دژەخەمۆکی، بینینی دکتۆری دەروونی یان هەردووکیان بەیەکەوە. ئەگەر چارەسەری حەپ و دەرمان سوودی نەبوو، شۆکی کارەبایی بۆ مێشک بەکاردەهێنرێ electroconvulsive therapy (ECT).

ئامادەکردن: ئیمان ز. ساڵح

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن