ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق پرۆژە یاسای بودجەی 2021 تاوتوێ دەكات

عێراق

01/12/2020     ژمارەی بینراو 261

ئەرشیف

راچڵەكین-

وابڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ سیشەممەی خۆیدا كەبەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی- سەرۆكوەزیران بەڕێوەدەچێت، گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2021 بكات.

پێشتر، حەیدەر مەجید- وتەبێژی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاندبوو:" مستەفا كازمی- سەرۆكوەزیران داوای لە وەزارەتی دارایی و پلاندانان كردووە بەپەلە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 رەوانەی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت بۆ ئەوەی ووردبینی تێدابكرێت و دانیشتنێكی تایبەتی بۆ ئەنجامبدرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەری و دواتر رەوانەكردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق."

هاوكات ئەحمەد حاجی رەشید- ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە:" چەند سەرچاوەیەك لە حكومەتی عیراق دڵنیاییان داوە كە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دەگاتە پەرلەمان بەمەبەستی ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەكەم و، ماوەی 20-30 رۆژیان پێویستە تا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت."

وتیشی:" بەشێك لەپرۆژە یاساكە قەرزكردنی تێدایە بە بڕی 30 ترلیۆن دینار بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی و دابەشكردنی مووچەو خەرجییەكانی تر."

گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق لەئەنجوومەنی وەزیران لەكاتێكدا دێت تائێستا پشكی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیە رووننیەو،حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هیچ شاندێكی رەوانەی بەغدا نەكردووە بۆ یەكلاكردنەوەی شایستە داراییەكانی هەرێم، ئەوەش مەترسی ئەوەی لێدەكرێت كێشە داراییەكانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوامی هەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن