سەرجەم كەمپی ئاوارەكان لە كەركووك داخران

عێراق

01/12/2020     ژمارەی بینراو 539

كەمپی لەیلان لە كەركوك

راچڵەكین-

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، دوای گەڕانەوەی دوا كاروانی ئاوارەكان لە كەمپی لەیلان لە پارێزگای كەركووك بۆ زێدی خۆیان، سەرجەم كەمپەكانی ئاوارەكان لەو پارێزگایە داخراون.

ئیڤان فایەق- وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، وەزارەتەكەی بەھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی پارێزگای كەركووك و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، كەمپی لەیلان-ی لە پارێزگای كەركووك داخستووە، ئەوەش دوای ئەوەی دوا كاروانی ئاوارەكان كە ژمارەیان ١٨٠ خێزان بوون و لە كەمپی لەیلان نیشتەجێبوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان.

ئەوەشی روونكردووەتەوە: "لەئێستادا ھیچ ئاوارەیەك لە پارێزگای كەركووك نەماوە و سەرجەم كەمپەكان لەو پارێزگایە داخراون".

پێشتر ئیڤان فایەق، رایگەیاندبوو، پلانیان داناوە لە مانگی كانوونی یەكەمی داھاتوودا، كەمپەكانی دیكەی ئاوارەكان دابخەن، ئاشكراشیكردبوو كە لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا بە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بە ھەماھەنگی لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كەمپی ئاوارەكان لە ھەرێم دادەخرێن.

بەھۆی ھێرش و پەلامارەكانی داعش بۆسەر بەشێك لە ناوچەكانی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا و ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە رێكخراوەكە دەستی بەسەرداگرتبوو، نزیكەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عێراقی ئاوارەبوون كە بەشێكیان وەك پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا كردووە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن