سوپای توركیا گەنجێكی كوردی لە جۆلەمێرگ كوشت

کوردستان

01/12/2020     ژمارەی بینراو 493

ئەرشیف

راچڵەكین-

 گەنجێكی كورد لە پارێزگای جۆلەمێرگی باكووری كوردستان، لەلایەن سەربازانی سوپای توركیاوە تەقەی لێكرا و كوژرا.  
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2020، سەربازانی سوپای توركیا لە سنووری شارۆچكەی رووبارۆك تەقەیان لە سێ گەنجی كورد كرد كە لە گوندی ئیسیان بەرەو گوندە كۆنەكەی خۆیان "گوندی بێرۆخ" چوون بۆ كۆكردنەوەی بەڕوو، لە ئەنجامی تەقەكردنەكەدا گوللەیەك بەر پشتی یەكێك لە گەنجەكان دەكەوێت بە ناوی ئۆزجان ئۆنای كە تەمەنی 18 ساڵانە و بریندار دەبێت، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. 
 
سەبری ئۆنای مامی ئۆزجان ئۆنای بە میدیاكانی راگەیاند، دوای ئەوەی هەواڵیان پێگەیشت، چوون بۆ هێنانەوەی برازا بریندارەكەی. لەوێ لەگەڵ سەربازەكاندا بووەتە دەمەقاڵێیان. نەیاندەهێشت دەست بۆ بریندارەكە ببەن و هاوكاریشیان نەدەكردن. وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.

هاوكات پارێزگاری جۆلەمێگر، لەبارەی ئەو رووداوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە:" كاتكۆ ١٤:٣٠ی دوێنێ لە ناوچەی قەدەغەی سەربازیی شارۆچكەی دەرەجیك، هێزەكانی پاراستنی سنوور داوایان لە چەند كەسێك كرد بوەستن كە بە ئامانجی قاچاغچێتیكردن هەوڵیاندەدا بەشێوەی نایاسایی بێنە ناو خاكی توركیا."

"بەڵام كاتێك ئەو كەسانە گوێیان بە ئاگاداركردنەوەی هێزە ئەمنییەكان نەدا، بۆ ترساندنیان بە ئاسماندا تەقە كرا، بەمهۆیەشەوە هاووڵاتییەكی شارۆچكەی دەرەجیك برینداربوو، وێڕای هەموو هەوڵەكان نەتواندرا رزگار بكرێت و گیانی لەدەستدا."

ئەوەش روونكراوەتەوە، لەبارەی بابەتەكەشەوە لێكۆڵینەوە یاسایی و كارگێڕییەكان بەردەوامن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن