نهێنییەكی نوێ لەبارەی هۆكاری گیانلەدەستدانی مارادۆنا ئاشكرا دەكرێت

وەرزش

02/12/2020     ژمارەی بینراو 583

راچڵەكین-

رۆژ بەرۆژ نهێنی زیاتر لەسەر دۆسێی گیانلەدەستدانی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا- ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرژەنتین بڵاودەبێتەوە، ئەوەش وادەكات گومانەكان لەسەر مردنەكەی زیاتر بن، لەنوێترین پێشهاتیشدا پارێزەری یەكێك لەو پەرستارانەی ئاگاداری رەوشی تەندروستی ئەو ئەستێرەیە بووە، باس لە رووداوێك دەكات كە 10 رۆژ پێش مردنی بەسەر مارادۆنادا هاتووە.

رۆدۆڵفۆ باكی- پارێزەری ئەو پەرستارە دەڵێت، مارادۆنا 10 رۆژ پێش گیانلەدەستدانی لەناو ماڵەكەی خۆیدا كەوتووەو بەشی راستی سەری كە چەند رۆژێك پێش ئەوە نەشتەرگەری بۆ كراوە داویەتی بەزەویدا و ئازارێكی زۆری پێگەیشتووەو هیچ چارەسەرێكی بۆ نەكراوە و رەوانەی نەخۆشخانەی نەكراوە.

وتیشی، كاتێك مارادۆنا كەوتووەتە سەر زەوی، لەلایەن ئەو كەسانەی لە دەوروبەری بوون بەرزكراوەتەوە و خراوەتەوە سەر جێگاكەیی و گوێ بەڕووداوەكە نەدراوە.

باكی، دەشڵێت، ئەو كاتەی مارادۆنا دوای نەشتەرگەرییەكەی لە سەریدا لەنەخۆشخانە چووەتە دەرەوە، رێگای نەداوە هیچ پزیشك و پەرستارێك یاوەری بكەن و ئەو داوایەشی لەلایەن پزیشكە تایبەتەكەیەوە پەسەندكراوە.

هاوكات چەند شایەتحاڵێك ئاماژەیان بەوەكردووە، مارادۆنا تەنها هەشت رۆژ دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری لەسەریدا لەلایەن (لیۆپۆلدۆ لۆكا)ی پزیشكییەوە رێگای پێدراوە نەخۆشخانە جێبهێڵێت، دوای تێپەڕبوونی 19 رۆژیش لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەی پزیشكەكەی لەماڵەكەی خۆی سەردانی مارادۆنای كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەو ئەستێرە ئەرژەنتینییەدا بووتە شەڕیان و مارادۆنا لەماڵەكەی كردویەتیی دەرەوە و دوای چەند رۆژێكیش لەو رووداوە مارادۆنا گیانی لەدەستداوە.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت كە پۆلیسی ئەرژەنتین ماڵ و كلینكی پزیشكەكەی مارادۆنایان پشكنیوەو چاوپێكەوتنیان لەگەڵ نزیكەكانی مارادۆنادا ئەنجامداوە، لەهەوڵی ئەوەی بزانن ئەو پزیشكە رۆڵی هەبووە لە گیانلەدەستدانی مارادۆنا یاخود نا؟ وە دوای نەشتەرگەریەكەی چەند جار سەردانی كردووە، لەكاتێكدا هەردوو كچەكەی ئەو ئەستێرە ئەرژەنتینیە ( جانینا و دالما) لەدژی ئەو پزیشكە سكاڵایان تۆماركردووە.

دییۆگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، رۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2020 لەتەمەنی 60 ساڵیداو بەهۆی جەڵتەی دڵ كۆچی دوایی كرد.

هەیینی رابردووش، لەگۆڕستانی (بیاڤێستا) لەنزیك پایتەختی ئەرژەنتین لەتەنیشت دایكو باوكییەوە بەخاك سپێردرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن