هەفتەی داهاتوو هاوڵاتیانی بەریتانی پێكوتەی دژ بەكۆرۆنایان پێدەدرێت

جیهان

02/12/2020     ژمارەی بینراو 478

راچڵەكین-

حكومەتی بەریتانیا وادەی كوتانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی بە پێكوتەی دژ بەكۆرۆنا ئاشكراكرد.

حكومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە، رەزامەندی نیشاندا لەسەر بەكارهێنانی پێكوتەكەی كۆمپانیای " بیونتیك"ی ئەڵمانی و "ڤایزەر"ی ئەمریكی دژ بەكۆرۆنا كەبەهاوبەشی پەرەیان پێداوە.

هاوكات مات هانكۆك- وەزیری تەندروستی بەریتانیا ئاماژەی بەوەكردووە، لەهەفتەی داهاتوەوە پێكوتەكە دەدرێت بە هاوڵاتیانی بەریتانی. 

لە 17ـی تشرینی دووەمی 2020 كۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێك "سەركەوتنی" ڤاكسینەكەیان راگەیاندو ئاماژەیان بەوەكرد، ڤاكسینەكەیان 90٪ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا دەكات. 

بەپێی راگەیاندنی كۆمپانیای فایزەر و بایۆتێك، "تاوەكو ئێستا هیچ كاریگەرییەكی خراپی تەندروستییان لە بەكارهێنەرانی ڤاكسینەكە بەدی نەكردووە".

لەبارەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكەوە كۆمپانیاكان رایانگەیاند، دەتوانن تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ 50 ملیۆن دروستبكەن، ساڵی داهاتووش ملیارێك و 300 ملیۆن دانەی دیكەی لێ بەرهەمبێنن.

بەپێی تاقیكردنەوەكانی كۆمپانیای فایزەر، ڤاكسینەكە بۆ تەمەنی 16 تاوەكو 85 ساڵ گونجاوە، و لە دوایین قۆناخدا تاقیكردنەوەیان لەسەر 43 هەزار كەس كردووە، لەو ژمارەیەش چاودێری 94 كەسیان كردووە كە 86 كەسیان ئەنجامی ئەرێنییان وەرگرتووە لە ڤاكسینەكە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن