وادەی گەیشتنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ عێراق ئاشكرا دەكرێت

تەندروستی

02/12/2020     ژمارەی بینراو 412

راچڵەكین – 

وەزارەتی تەندروستی عێراق وادەی گەیشتنی یەكەم وەجبەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای كۆمپانیای ڤایزەر ئاشكرا دەكات، بەپرسێكی وەزارەتەكەش دەڵێت: 600 هەزار ژەمە ڤاكسینمان رادەستدەكرێت و نرخی هەر ژەمێكیش 12 دۆلارە.

ریاز ئەلحلفی بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بڕیارە لەمانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، یەكەم وەجبەی ڤاكسینی كۆمپانیای ڤایزەر بگاتە عێراق، كە بریتییە لە 600 هەزار ژەمە ڤاكسین و بە دوو قۆناغ دەدرێتە 300 هەزار توشبووی كۆرۆنا.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیای ڤایزەر ئامادەیی خۆی دەربڕیوە 9 ملیۆن ژەمە ڤاكسین بە عێراق بفرۆشێت بە نرخی 12 دۆلار بۆهەر ژەمە ڤاكسینێك، وتیشی:" بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ یەكێتی ڤاكسینەكانی جیهان واژوومان كردووە، بەشی عێراق لە ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بەرێژەی 20%ی كۆی دانیشتوانی وڵات دەبێت".
 
بەرپرسەكەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكراشیكرد، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر دابینكردنی تێچووی وەجبەی یەكەمی ڤاكسینەكە دەربڕیوە، وەزارەتی داراییشی راسپاردووە پارەی پێویست بۆ كڕینی ڤاكسینی زیاتر تەرخان بكات. 

پێشتر بانكی نێودەوڵەتیی دەستپێشخەری كردبوو بۆ هاوكاریكردنی 100 وڵاتی جیهان لە دەستەبەركردنی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا، كە عێراقیش یەكێك بوو لەو وڵاتانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن