چۆنیه‌تی ئاگاداربوونی پێیەکان لە کەسانی تووشبوو بە شەکرە

تەندروستی

03/12/2020     ژمارەی بینراو 1688

چۆنیه‌تی ئاگاداربوونی پێیەکان لە کەسانی تووشبوو بە شەکرە


ڕاچڵه‌كین-
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات شەکرە دەرهاویشتەکانی لەسەر کەسی تووشبوو بە دەردەکەوێت، ئەو ماکانەش دەبنە مەترسی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو ئەگەر زوو هەستی پێ نەکرێت و چارەسەری پێویستی بۆ نەکرێت، دكتۆر شاهۆ پزیشکی پسپۆڕی هەناوی له‌م بابه‌ته‌دا چۆنیه‌تی ئاگاداربوونی پێكانی كه‌سانی توشبوو به‌ شه‌كره‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

1- گرفتی پێیەکان یەکێکە لە باوترین دەرهاویشتەکانی نەخۆشی شەکرە.

2- بە شێوەیەکی گشتی دەتوانرێت ماکەکانی نەخۆشی شەکرە کەم بکرێتەوە بە ڕاگرتنی ڕێژەی شەکری ناو خوێن لە ئاستی ئاسایی خۆی و پشکنینی پزیشکی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و بەردەوام.

3- هەرکات هەستت کرد کێشەیەک لە پێیەکاندا ڕوویداوە زوو ڕاوێژی پزیشک بکە و چارەسەری گونجاو وەربگرە.

لە سەرەتادا پێویستی بە هەوڵ و دابینکردنی کات دەبێت بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەنجامێکی باشی دەبێت بۆ دوورخستنەوەی پێیەکان لە کاریگەری شەکرە.

هۆکارەکانی تووشبوون بە دەرهاویشتەی شەکرە لەسەر پێیەکان :
1- بوونی برینی پێیەکان لە ڕابردوودا.
2- هەستە دەمارەکان زیانیان بەرکەوتبێت.
3- ناڕێکی لە پێیەکان دا هەبێت.
4- خوێن بە باشی نەگات بە پێیەکان.

چۆن پشکنینی پێیەکان ئەنجام بدەم؟
پشکنینی ڕێکوپێک و بەردەوام ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگرتن لە ماکی نەخۆشی شەکرە لەسەر پێیەکان.

1-  خود پشکنین(پشکنینی پێیەکان لە لایەن نەخۆش خۆیەوە ) :
پێویستە کەسی تووشبوو ڕۆژانە پشکنینی پێیەکان ئەنجام بدات، هەموو بەشەکان بە جوانی سەیر بکرێت بە تایبەتی نێوان پەنجەکان بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا برین، وشکبوونەوە، تلۆق، گەرم بوون و سووربوونەوە یان شێواوی پێیەکان هەیە یان نا؟دەتوانرێت سوود لە ئاوێنە وەربگیرێت یان کەسێکی تر پشکنینەکەت بۆ ئەنجام بدات.

2- پشکنینی پێیەکان لە لایەن پزیشکەوە: لە کاتی سەردانیکردنی پزیشک پێویستە ئەم پشکنینە ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی پێیەکان و خوێنبەر و هەستە دەمارەکان.

 ئەو کەسانەی کە شەکرە ی جۆری یەکەمیان هەیە، دوای ٥ ساڵ لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیان پێویستە پشکنینی پێیەکانیان بۆ بکرێت ساڵانە یەکجار، بەڵام تووشبووانی جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرە پێویستە پشکنینی پێیەکانیان ڕاستەوخۆ دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیان ساڵانە یەکجار بۆ ئەنجام بدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن