دەقی نامەكەی مەسرور بارزانی بۆ مستەفا كازمی ئاشكرا دەبێت

کوردستان

03/12/2020     ژمارەی بینراو 944

راچڵەكین -

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نامەیەك ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و تێیدا ئامادەیی هەرێم بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەردەبڕێت بەو مەرجەی حكومەتی عێراق شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەو نامەیەدا كە رۆژی 26-11-2020 ئاراستەی كازمی كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە كە لەسەرتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشانداوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداو بۆ ئەو مەبەستەش چەند شاندێكیان رەوانە كردووەو لیژنەی هاوبەشیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان نێوانیان پێكهێنرا.

مەسرور بارزانی ئاشكراشیكردووە، هەنگاوی باشیان بڕیوە بە ئاراستەی گەیشتنە رێككەوتن لەسەر تەواوی خاڵە ناكۆكەكانی نێوانیان،  بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێكردنی پابەندبوونە نەوتی و داراییەكانی سەرشانی دەربڕیوە لە بەرامبەر وەرگرتنی ماف و شایستە داراییەكانی.

مەسرور بارزانی داواشی مستەفا كازمی كردووە، وەزارەتی دارایی عێراق راسپێرێت بۆ رەوانەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو مانگانەی كە لە ساڵی 2020دا ماوەو تائێستا رەوانە نەكراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن