راچڵەکین-
لە دوای شەش مانگیەوە، ( كە مناڵ ٦ مانگى تەواو دەکات، واتە دوای ۱۸۰ ڕۆژ) دەبێت دەست بکرێت بە خواردن.
٭٭٭٭چۆن خواردن دەست پێ دەكرێت؟
٭٭ لە سەرەتادا بەشۆرباى برنج دەست پێ دەکرێت، بڕی يەك كەوچكى چێشت خواردن بۆ ماوەى ۳ بۆ ٤ ڕۆژ هەر شۆربای برنجەکەی ئەدرێتێ( بۆ ئەوەی مناڵەکە ڕابێت لەسەر تامەکەی، وە بۆ ئەوەی بزاین مناڵەکە هەستیاری نیە بەرامبەر ئەو جۆرە خواردنە)، پاشان وردە وردە زياد دەكرێت بۆ چوار تا پێنج كەوچكى چێشت خواردن.
٭٭کە مناڵەکە ڕاهات لەسەر شۆرباکە دەست دەکرێت بە پێدانی سەوزە. يەك جۆر سەوزە تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ شۆربای برنجەکەدا بۆ نمونە گێزەر، کولەکە، بروکۆڵی، پەتاتە ئەویش بەيەك كەوچكى چێشت خواردن دەست پى دەكرێت بۆ ماوەى ۳ بۆ ٤ ڕۆژ، لەو ڕۆژانەدا کەلەسەر تامێکی تازە ڕایدەهێنیت ئەتوانیت ئەو خواردنەی کە لەسەری ڕاهاتووە بڕێکی زۆرتری بەیتێ.
٭٭ کە مناڵەکە ڕاهات لەسەر سەوزە دەست دەکرێت بە پيدانى ميوە بە هەمان شێوەى دەست پێكردنى شۆربا و سەوزە(پێدانی میوە نابێت پێش شۆربا و سەوزە بێت چونکە میوە شیرینە و مناڵەکە لەسەر تامی شیرینی ڕایەت و دواتر شۆربا و سەوزە ناخوات)
٭٭ لە تەمەنى٧ مانگيەوە دەست دەكرێت بە پێدانى بەرهەمەکانی دانەوێڵە( نان، سەمون، سیریلاک).
٭٭ لە تەمەنی ٨ بۆ ۹ مانگیەوە دەست دەكرێت بە پێدانى ئەو خواردنانەی كە پرۆتينیان زۆرە وەک:
• گۆشت/مريشك/ماسي
• پاقلەمەنى(نيسك, نۆك, فاسۆليا, ماش.......)
• هێلكە (سەرەتا بە زەردێنەى هێلکە دەست پێ دەکرێت) کە مناڵەکە ڕاهات لەسەر زەردێنەکە ئەتوانرێت سپێنەکەشی بدرێتێ بەڵام ئەویش ڕێژەیەکی کەم بۆ ماوەى ۳ بۆ ٤ ڕۆژ چونکە ئەگەری هەستیاری هەیە .
٭٭ خواردن سەرەتا بە یەک جار لە ڕۆژێکدا دەست پێ دەکرێت پاش دوو حەفتە زیاد ئەکرێت بۆ دووجار لە ڕۆژيكدا، وە دواتر بۆ سێ ژەم.
٭٭ لەماوەی ڕاهاتن لەسەر خواردن، دەبێت خواردنەکان هاڕاوبن.
د۰ تارا علی بابان
پزیشکی پسپۆڕی گەشە و خۆراکی مناڵان