راچڵەکین-
بڕیاردرا بە راگرتنی ھەموو ھەنگاوەکانی زیادەڕۆییکردن و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە سنووری پارێزگاکەدا تاوەکو کاری ئەو لیژنەیەی بۆی پێکهێندراوە دەگاتە ئەنجام.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەو لیژنە پەرلەمانییەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی وزاری کشتوکاڵی لە پارێزگای کەرکووک پێکهێنرا بوو لەگەڵ نوێنەرانی جوتیارانی کورد و عەرەب و فەرماندەی ئۆپەراسیونە ھاوبەشەکانی کەرکووک و پارێزگاری بەوەکالەتی شارەکە کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە محەمەد رەزا ئال حەیدەر، نوێنەری پێکهاتەی عەرەب لە لیژنە پەرلەمانییەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا، راگەیاند:" بە وردی کێشەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووکمان تاوتوێ کرد و دڵنیابن لەوەی دەگەینە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و چارەسەرەکەیش دەبێتە جێی رەزامەندی ھەمووان".
لەلای خۆیەوە، ھەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک، رایگەیاند: "کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبێت و ھەموو ئەو دۆکیومێنت و بەڵگانە لەڕێی دادگا و فەرمانگەی کشتوکاڵ کۆدەکەینەوە و تاوەکو گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر و گونجاو و ھاوسەنگ کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبێت ".
ھەرێم کەمال ئاغا، لەسەر ئەو مۆڵەتەی بە جوتیارانی کوردی پەڵکانە درابوو بۆ چۆڵکردنی گوندەکانیان، وتی: "ھەموو ئەو کات و ئەو مۆڵەتانە راگیران و ھەموو شتێک رادەوەستێت و ھەموو ئەو زیادەڕۆییانەیشی کە کراونەتە سەر زەویە کشتوکاڵییەکانی سنووری ناوچەی ھەفتەغار لە قەزای داقوق رابگرێن و ھیچ ماڵێکیش چۆڵ ناکرێت".
هاوکات، ئەحمەد حەیدەر، نوێنەری تورکمان لەو لیژنە پەرلەمانییەی کە بۆ چارەسەری کێشەی زەویو زاری کشتوکاڵی کەرکووک پێکهێنراو، رایگەیاند: "کێشەی زەوی کشتوکاڵی لە کەرکووک کێشەیەکی قورس و کۆنە و ھۆکارەکەیشی بڕیارەکانی سەدام حسێن-ه کە بە چەند بڕیارێک پێکەوەژیانی ئەم شارەی شێواند و زەوی کشتوکاڵی لە چەند نەتەوەیەک وەرگرت و بە پێکھاتەیەکی دیاریکراوی دا.
حەیدەر ئاماژەی بەوەشکرد:"ئێمە دژی بەکارھێنانی ھێز و شێوازی عەشایەریین لەم کێشانەدا، ئومێدەوارین کە ھیچ کێشە و گرفت و پێکدادانێک لەنێوان پێکھاتەکاندا روونەدات".