ناسا بەهێزترین مووشەكی جیهان تاقیدەكاتەوە

مەڵتی میدیا

08/01/2021     ژمارەی بینراو 381

مووشەكەكە توانای گەیشتنە سەر مانگ و مەریخی هەیە

راچڵەكین –

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكا (ناسا) ئامادەكاری دەكات بۆ تاقیكردنەوەی بەهێزترین موشەك لە جیهاندا، كە خێراییەكەی دەگاتە 17 هەزارو 500 میل لە كاتژمێركدا و بڕیارە لە دە ساڵی داهاتوودا تیمێكی كەشتیوانی ئاسمانی بگەیەنێتە هەسارەی مەریخ.

بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی دەیلی میل-ی بەریتانی، ئەو مووشەكە، كە ناوی (SLS)ەو چوار بزوێنەری زەبەلاحی هەیە، چاوەڕوان دەكرێت لەكۆتایی ئەم مانگە دوا تاقیكردنەوەی لەلایەن ئاژانسی (ناسا)وە لەسەر بكرێت، بۆئەوەی بەتەواوی ئامادە بكرێت بۆ ئەنجامدانی گەشتێكی بۆشایی ئاسمان.

رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، مووشەكی (SLS) لەئێستادا بەهێزترین مووشەكی جیهانە، بەو پێیەی خێراییەكەی دەگاتە 17 هەزارو 500 میل لە كاتژمێرێكدا، بەمەش دەبێتە بڕبڕەپشتی پرۆگرامی ئارتمیس، كە پلانی داناوە ساڵی 2024 یەكەم ژنە كەشتیوانی ئاسمانی رەوانەی سەر مانگ بكات و لە ساڵانی سییەكانی ئەم سەدەیەش تیمێكی كەشتیوانی بۆشایی ئاسمان هەڵبگرێت بەرەو هەسارەی مەریخ.

ئەو مووشەكە كە نرخەكەی 18 ملیار دۆلارە، بۆیەكەم جار لەساڵی 2011 ئاشكراكرا، كە توانای ناردنی مرۆڤ و تەكنەلۆجیای بۆ قووڵایی بۆشایی ئاسمان هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن