کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر پرۆژە یاسای بوودجە بەردەوامن

عێراق

13/01/2021     ژمارەی بینراو 224

راچڵەکین-

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆبوونەوەدایە سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریدا کۆبوونەوەکەی دوێنێ سێشەممە تا کاتژمێری ٣:٠٠ دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوام بێت بە ئامانجی تەواوکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە پڕۆژەیاسايی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١.

پرۆژەیاسايی بوودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، بە ١٦٤ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە کە داھاتەکەی بە ٩٣ ترلیۆن دینار دیاریکراوە و ٧٣ ترلیۆن دینار داھاتی نەوتە و ٢٠ ترلیۆن دیناریش داھاتی نانەوتییە.

لە پرۆژەیاساکەدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بە ٤٢ دۆلار خەمڵێندراوە، جگە لەوەش لە پڕۆژەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە عیراق رۆژانە سێ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات.

بوودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، ٧١  ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە و بەھای یەک دۆلار بە ١٤٥٠ دینار ھەژمار داندراوە و بوودجەی گشتیی ٢٠٢١، پێویستی بە قەرزکردنی ٤٧ ترلیۆن و ٨١٧ ملیار دینارە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن