سلێمانی.. دەستبەسەر بڕێكی زۆر پرۆتینی وەرزشیدا دەگیرێت

کوردستان

13/01/2021     ژمارەی بینراو 262

راچڵەكین –

لیژنەكانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر پڕۆتینی وەرزشیدا گرت، كە بەرواری ئێرانی لەسەر بووەو لەلایەن لیژنەی تایبەتیشەوە لەناودەبرێن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی قەزای سلێمانی، سەفین فەتاح سەرۆكی لیژنەی هۆڵە وەرزشییەكانی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت رایگەیاندووە، لەئەنجامی سەردان و بەدواداچونەكانیان بۆ هۆڵەكانی وەرزشكردن و دوكانەكانی فرۆشتنی پێداویستییە وەرزشییەكان، بەهۆی هەبونی بەرواری ئێرانی، لە چەند شوێنێك لیژنەكە دەستی بەسەر (51) كارتۆن پرۆتینی وەرزشی لەشجوانییدا گرتووە.

وتیشی:" بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، تەواوی ئەو پرۆتینەی دەستی بەسەردا گیراوە، لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی قائیمقامیەتەوە لەناودەبرێت و خاوەنەكانیشیان رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە".

سەفین فەتاح ئاماژەی بەوەكردووە كە بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی بازرگانی عیراق، پێویستە ئەو كاڵاو شمەك و خواردەمەنییانەی هاوردە دەكرێن و لەبازاڕەكاندا دەفرۆشرێن، بەروارەكەیان ستاندارد بێت و بەشێوەی لێزەر لەسەر دەفرەكەیان هەڵكۆڵرابێت، لەگەڵ هەبوونی لێبڵ كە تەواوی زانیاریی سەبارەت بە پێكهاتەكەیان لەخۆگرتبێت.

سەرۆكی لیژنەی هۆڵە وەرزشییەكانی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی روونیكردەوە، پێشتر سەرجەم بازرگان و فرۆشگاكان ئاگاداركراونەتە هەبوونی كاڵاو شمەكی بێ بەروار، دوو بەروار، بەروار ئێرانی، یان ئەو بەروارانەی بەئاسانی دەسڕدرێنەوە، فرۆشتنیان قەدەغەیەو لەلایەن لیژنەكانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن