كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق: داوای دواخستنی ھەڵبژاردنمان نەكردووە

عێراق

15/01/2021     ژمارەی بینراو 259

راچڵەكین-

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاشكرای كرد كە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی نەكردووە. هاوكات جەختیكرد لە ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان لە وادەی دیارییكراوی خۆیدا كە 6ی حوەزیرانی داھاتوو بوو.

جومانە غەللای- وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق، رایگەیاند، لەكۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكان لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان تاوتوێی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی داھاتوو كرا.

وتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئاڵنگاری و ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن كرا" و جەختی لە ئامادەیی كۆمیسیۆن لە رووی ھونەرییەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی دیارییكراو لە 6ی حوەزیرانی داھاتوودا كردەوە.

غەللای ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ مانگی ئەیلوولی داھاتوو نەكردووە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق و فایەق زێدان- سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، كۆبوونەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەكە بە میوانداریی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت بەڕێوەچووە.  

بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، لە میانی كۆبوونەوەكەدا كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان كارەكان و خشتەی ھونەریی و كاتی تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی خستووەتەڕوو، لەگەڵ خستنەڕووی پابەندبوونەوەكانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی بێگەرد و دادپەروەر، چڕكردنەوەی ھەوڵەكانی بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی بایۆمەتری دەنگدەران، ھەماھەنگی بۆ گەرەنتی چاودێری نێودەوڵەتی كارا.  

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوە خرابووەڕوو كە كۆمیسیۆن جەختیكردووەتەوە كاتی پێویست دەداتە كاندیدەكان و ھاوپەیمانە سیاسییەكان و ھێزە سیاسییە نوێیەكان و گەنجان بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆتۆماركردن و پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان.  

ئاماژە بەوەشدرابوو كە بۆ تەواوكردنی كارەكان لەو بارەیەوە، لە كۆبوونەوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر پشتیوانی تەواوی كۆمیسیۆن بۆ تەواوكردنی كارەكانی و تەواوكردنی پێداویستییە دەستووری و یاساییەكان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، لەگەڵ پێویستی دەركردنی یاسای دادگای فیدراڵی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، ھەروەھا جێبەجێكرنی ماددەی ٦٤ دەستوور پەیوەندیدار بە خۆھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران وەك ئامادەكاریی بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە.  

بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شەشی حوەزیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت كە بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە هەڵبژاردنەكان بۆ مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دوابخرێن.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق، لەكاتێكدایە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، كە رۆژی 6-6-2021ی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكە دیاریكردبوو، بەردەوام جەختی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە لەوادەی بڕیارلێدراوی خۆی دەكردەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن