ڕژێمی خۆراکی بۆ کێش دابەزاندن جگە لە کیتۆ

تەندروستی

17/01/2021     ژمارەی بینراو 2069

ڕژێمی خۆراکی بۆ کێش دابەزاندن جگە لە کیتۆ

ڕاچڵه‌كین-

بەهۆی ئەوەی کە کەسانێکی زۆر ئێستا بە هۆی زۆری کێشیانەوە توشی گرفتی تەندروستی بوون، ئەمەش بەهۆی ئەو شێوە ژیانەوەیە کە ئێستا مرۆڤ پیادەی دەکات، لەوانە کەمی جوڵە و زیاد خواردن، بە تایبەتی خواردنە بە ووزەکانی وەکو شیرینی زۆر و چەوری. 

دكتۆر هاوژین پسپۆڕی خۆراك ده‌ڵێت"زۆر لەو کەسانەی کە کێشیان زۆرە یان قەڵەون، بە دوای ڕژێمێکی خۆراکیدا دەگەڕێن، کە کێشیانی پێ دابەزێنن، یەکێك لەو ڕژێمە خۆراکیانە کیتۆیە. "

ئه‌م پزیشكه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات "کیتۆ ڕژێمێکی خۆراکیە کە کەسەکە تیایدا بڕی کاربۆهیدرات( نان، برنج، پەتاتە و شیرینی ..هتد)لە خواردنی ڕۆژانەیدا زۆر کەم دەکاتەوە، بەرامبەر ئەوە، ڕێژەی چەوری زۆر زیاد دەکات کە دەگاتە نزیکەی ٧٥٪ یان زیاتر. 

ده‌شڵێت" کیتۆ ڕژێمێکی خۆراکی زۆر ئاسان نیە، وە هەندێ ئاکامی لاوەکی هەیە، لەبەر ئەوە باشتر وایە کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ نەکرێت. "

ڕژێمی خۆراکی تر هەیە بۆ دابەزاندنی کێش کە ئاسانترە لە کیتۆ وە وە کەسەکەش تووشی کەمی ڤیتامینات نابێت. 
یەکێك لەو ڕژێمە خۆراکیانە، ڕژێمی خۆراکی کاربۆهیدراتی کەم وە پرۆتینی زۆرە(گۆشت و هێلکە و پاقلەمەنیەکان ..هتد).
بەم ڕژێمە کەسەکە ووردە ووردە کێشی دادەبەزێت، دابەزینێکی تەندروست، وە ئەنجام دانیشی قورس نیە بە بەراورد لەگەڵ ڕژێمی کیتۆ. 

بە گشتی، کاربۆهیدرات لە ژەمی بەیانی و نیوەڕۆدا کەم دەکرێتەوە، بەڵام لە ژەمی ئێوارەدا بە تەواوی کاربۆهیدرات لا دەبرێت و خواردنی پرۆتینی جێگەی دەگرێتەوە. 

لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم ڕژێمەدا، جوڵەیەکی ڕۆژانە بۆ ماوەی نیو سەعات یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ دابەزاندنی کێش.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن