ئەو كچە مۆدێلەی سووكایەتی بە كەریم كابان كردبوو دەستگیركرا

کوردستان

17/01/2021     ژمارەی بینراو 1125

راچڵەكین -

لەسەر سكاڵای یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان و بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە هونەرمەندی كۆچكردوو كەریم كابان، هێلین ئاوات كچە مۆدێل لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیركرا.

‌ سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:" دوای ئەوەی لەلایەن یەكێتی هونەرمەندانی كوردستانەوە بەتۆمەتی سووكایەتیكردن بە هونەرمەندی كۆكردوو كەریم كابان، سكاڵا لەسەر  هێلین ئاوات تۆماركرا، لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرا بەپێی ماددەی 2ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، دەستگیر كراوەو لەزینداندایەو لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

ئەو كچە مۆدێلە بەر لە دەستگیركردنی، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لەڕێی هەژمارەكەی‌ لە ئینستگرام بڵاویكردەوە، داوای لێبوردنی لە خانەوادەی‌ هونەرمەند كەریم كابان كرد بۆ ئەو قسانەی‌ كە كردویەتی و ئاماژەی بەوە كرد كە حەدی ئەوەی‌ نییە سوكایەتی بە هیچ كەسێك بكات و ئەوەی‌ وتویەتی بێ مەبەست بووە.

هێلین ئاوات لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ناوبردنی جۆرە ماتۆڕسكیلێكی سێ تایە بە كەریم كابان، ناڕەزایەتی زۆری هونەرمەندانی لێكەوتەوەو لەپاركی نالی لە شاری سلێمانی، بەشێك لەهونەرمەندان وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر ئەو قسەیە كە وەك سوكایەتیكردن بە هونەرمەندی كۆچكردوو كەریم كابان، لێكیان دایەوە، داوایان كرد ئەو كچە سزا بدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن