راچڵەكین-
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجوومەنی نونێەرانی عیراق دەڵێت، ساڵ و نیوێك دەبێت هیچ ئیلتزامێكیان بەخانەی راپەڕاندن و جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەماوە.
د. غالب محەمەد، سەبارەت بەهۆكاری ئەو هەڵوێستەیان، رایگەیاند:" ئێمە بەنوسراوی ڕەسمی داوامان لەبزوتنەوەی گۆڕان كرد بكشێتەوە لەحكومەت ئەگەرنا ئێمە هەموو پەیوەندیەكانی خۆمان هەڵدەپەسێرین لەگەڵ شوێنە فەرمییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كەجڤات و خانەی ڕاپەراندن و ئەوانەیە." وەك بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە.
وتیشی:" لەوكاتەوە ئێمە هیچ ئیلتزامێكمان نەكردووە بەئەوانەوە ئەوەی كەهەبووە بۆچوونی خۆمان هەبووە ئێمە ناوی فراكسیۆنەكەمان هەڵگرتووە هەر پێنجمان لەوێن چونكە كەسی ترمان نییە بۆچونی جیاوازی هەبێت بۆئەوەی فراكسیۆنەكەی بۆ بەجێبهێڵین."
د.غالب محەمەد روونیكردەوە:" ئێمە هەموو پەیوەندیەكمان لەگەڵ جڤات و خانەی ڕاپەڕاندا هەڵپەساندووە، واتە هیچ مامەڵەیەكمان لەگەڵیاندا نییە وە بە نوسراوی ڕەسمی ئاڕاستەمانكردوون نوسراوە ڕەسمیەكەشمان لە دوو سێ بەیاننامەدا بڵاو كردۆتەوە."