وەزارەتی تەندروستی عیراق هۆشداری دەدات لەهاتنی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا

تەندروستی

19/01/2021     ژمارەی بینراو 246

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستی عیراق هۆشداری دەدات لەهاتنی شەپۆلی دووەمی كۆرۆناو رایدەگەیەنێت" شەپۆلەكە زۆر سەختتر دەبێت لەشەپۆلی یەكەم."

وەزارەتی تەندروستی عیراق لەراگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، لەئێستادا شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا زۆر بەتوندی بەشێك لەوڵاتانی گرتووەتەوەو گرفتاری كردوون، هاوكات رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە:

* تائێستا یەكلا نەبووەتەوە، ئەو كەسەی تووشی كۆرۆنا بووە بۆ یەكەمجار، بەرگری لەشیان تاچەند بڕ دەكات، ئەوەش ئەگەر دووبارە تووشبوونەوەی زیاتر دەكات و هەڵەیەكی گەورەیە كە ئەو بۆچوونە دروست بێت كە كەسی تووشبوو بۆ یەكەمجار، تووش نابێتەوەو دەستبەرداری تەواوی رێگا خۆپارێزییەكان بێت.

*ڤایرۆسی كۆرۆنا بەبەردەوامی شێوازی خۆی دەگۆڕێت، وەك چۆن لە بریتانیا، باشوری ئەفریقاو بەرازیل روویداوەو تائێستا لە زیاتر لە 50 وڵات بڵاوبووەتەوەو ئەگەری زۆرە لەعیراق هەمان حاڵەت رووبدات یاخود لە ولاتانی ناوچەكەوە بگوێزرێتەوە.

*خەمساری زۆر لەناو دەزگا حكومی و ناحكومییەكان بەرامبەر رێگاكانی خۆپارێزی كە بەتەواوی شلكراونەتەوە و رێنماییە تەندروستییەكان بەتەواوی پێشێلكراون.

*كردنەوەی شوینە گشتییەكان و مەزارگە ئاینییەكان و گەڕانەوەی ژیان بۆ دۆخی پێش كۆرۆنا بەبێ بوونی هیچ پابەندییەك بە رێنماییەكانی تایبەت بە خۆپارێزی لەكۆرۆنا.

*وەرزی زستان و دابەزینی پلەكانی گەرما رێخۆشكەرن لەبەردەم بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

وەزارەتی تەندروستی عیراق دەڵێت، هەموو ئەو هۆكارانە رێگا خۆشكەرن لە سەرهەڵدانەوەی شەپۆی دووەمی كۆرۆنا بەشێوەیەكی مەترسیدار كە پێدەچێت كۆنترۆڵكردنی ئەستەم بێت.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا لەعیراق، زیاتر لە 609 هەزار كەس تووشبوون، هاوكات نزیكەی 13 هەزار تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن