هەولێر؛ ئەو كچەی ماڵی باوكی جێهێشتبوو.. لە سلێمانی دۆزرایەوە

کوردستان

23/01/2021     ژمارەی بینراو 6304

راچڵەكین-

هێژین-ی تەمەن (15)ساڵ، دوای جێهێشتنی ماڵەوەیان لەشاری هەولێر، لەلایەن ئاسایشی سلێمانی-یەوە دۆزرایەوەو رادەستی كەسوكارەكە كراوەتەوە.

هێژین- دوای دەمەقاڵەی لەگەڵ خێزانەكەی لەبارەی دابەزاندنی كێشی لەشی، بەرەبەیانی دوێنێ ماڵەوەی جێهێشتبوو، دوای نزیكەی 24 كاتكۆ لە مزگەوتێكی سلێمانی دۆزرایەوە. 
 
(م. ع) باوكی هێژین  رایگەیاندووە، دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە، ئاسایشی سلێمانی پەیوەندییان پێوە كردووە و پێیان گوتووە، كچەكەیان لەلای ئەوانە. وەك میدیاكانی نزیك لەپارتی بڵاویانكردووەتەوە.
 
هێژین، لەبارەی هۆكاری جێهێشتنی ماڵەكەیان دەڵێت: "لەسەر دابەزاندنی كێشی لەشم بووە دەمەقاڵێمان، ئەوان پێیان دەگوتم كێشت دامەبەزێنە. منیش بڕیارمدا لە ماڵ بچمەدەرەوە و ئەو شەوە لە مزگەوتێكی هەولێر مامەوە". 
 
هێژین، ئاماژەی بەوەشكرد، كاتێك رۆژ بووەتەوە بە پاس چووەتە سلێمانی و لەوێش لە مزگەوت ماوەتەوە، بەڵام ناوی مزگەوتەكانی بیر نەبوو، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ونبوونەكەی مجێوری ئەو مزگەوتەی سلێمانی كە هێژین-ی لێبووە، پەیوەندی بە ئاسایشەوە كردووە و كچەكەیان بردووەتە ئاسایشی گشتیی سلێمانی.
 
باوكی هێژین دەڵێت، دوای ئەوەی ئاسایشی سلێمانی پەیوەندیان پێوەكردووە، نزیكەی كاتكۆ 02:00ـی شەو بووە هەر ئەوكات چوونەتە سلێمانی و هێناویانەتەوە بۆ هەولێرو، لەلایەن ئاسایشی سلێمانی-یشەوە بەڵێننامەی پێ پڕكراوەتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن