نیشانەکانی دوای چاکبوونەوە لە کۆرۆنا کامانەن و چەندە بەردەوامدەبن؟

تەندروستی

23/01/2021     ژمارەی بینراو 926

راچڵەکین-

سێ لە چواری ئەو نەخۆشانەی بە توندی دوچاری کۆڤید-19 بوون، دوای جێهێشتنی نەخۆشخانە، لانی کەم نیشانەیێکیان بۆ ماوەی شەش مانگ تێدا دەمێنێتەوە، ئەمە بەگوێرەی توێژینەوەیەکە کە لەسەر 1733 نەخۆش ئەنجام دراوە.

هیلاکی و بێهێزی و خەو زڕان، لەگەڵ خەمۆکی و پەرێشانی لە دیارترین نیشانە جێماوەکانن، و ئەوانەش کە پێشتر بە سەختی تووشی بووبن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە نیشانەی توندی سییەکان دەمێننەوە و پشکنینە تیشکییەکانی سنگیان ئەنجامی نائاسایی دەخەنەڕوو. 

هیلاکی و بێهێزی، دیارترین نیشانەکانن و لە نزیکەی 63 لە سەدی نەخۆشەکاندا بوونی هەیە، دوای ئەوانیش خەو زڕان و قژ هەڵوەرین دێن، هەموویان پێکەوە ڕێژەی سەدا 76ی ئەو نەخۆشانە پێک دێنن، کە لە نەخۆشخانەی (جین یین تان) نێردراونەتەوە، دوای شەش مانگ لە جێهێشتنی نەخۆشخانە.(جین یین تان یەکەم نەخۆشخانەبوو لە ووهان تایبەت بە کۆڤید-19 دروست کرا).

تۆێژەران ئاماژە بەوە دەدەن ئافرەتەکان توندتر تووشی ئەو نیشانانە دەبن بە بەراورد لەگەڵ پیاوەکان، بە ڕێژەی 81 لە سەد، لە کاتێکدا لە پیاوەکاندا 73 لە سەد دەبێت، بە هەمان شێوە لە هیلاکی و بێتاقەتیشدا ڕێژەکە 66 بەرامبەر 59 دەبێت، لە پاڵ ئەوەشدا ژنەکان زیاتر توشی پەرێشانی و خەمۆکی دەبن بە بەراورد بە پیاوەکان، بە ڕێژەی 28 بەرامبەر 18 لە سەد.
ئەوانەی زۆر بە توندی تووشی کۆڤید-19 بوونە، 2.4 جار ئەگەری مانەوەی نیشانەکانیان زیاترە بەراورد بەوانەی بە سووکی تووشی بوون، لە نێوان 349 کەس کە پشکنینی فرمانی سییەکانیان بۆ ئەنجام دراوە، هەناسە پەککەوتن لە 56 لە سەدی ئەوانە تێبینی کراوە کە پێشتر بە سەختی تووشی کۆڤید بوونە، لە کاتێکدا ڕێژەکە لەوانەی بە سووکی تووشی هاتوون، 22 لەسەد بووە.

لە تاقیکردنەوەیەکیش دا کە لەسەر 94 کەس کە پێشتر دوچاری نەخۆشیەکە بوون هاتۆتە ئەنجامدان، تیایدا نموونەی پلازمایان لێوەرگراوە و لە پشکنیندا دەرکەوتووە کە ڕێژەی دژە تەنەکان و نیشانەکانی بەرگری هەبوون، زۆر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای نەخۆشییەکە، ئەمەش هەلی دووبارە تووشبوونەوەیان زیاد دەکات.

لە ئەنجامی کۆی توێژینەوەکە، توێژەران تێبینی ئەوەیان کرد کە دەبێت، چاودێری نەخۆشەکان بکرێت دوای دەرچوونیان لە نەخۆشخانە. وە توێژینەوە و چاودێریی زیاتر پێویستن لەسەر ژمارەیەکی زیاتری کەسەکان، بۆ ئەوەی باشتر لە قەبارەی ماک و نیشانە جێماوەکانی کۆڤید-19 تێ بگەین.

بژار سورچی
سکوڵی پزیشکیی کۆیە

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن