" ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە بوونەتە حەشارگەی كەسانی یاخی و قاچاخ"

چاوپێکەوتن

26/01/2021     ژمارەی بینراو 547

راچڵەكین-

تا ئێستا گفتوگۆكانی نێوان وەزارەتی پیشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ هەماهەنگیی و كاری هاوبەش و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە ناوچە جێناكۆكەكان هەن، بەردەوامن.

عوسمان سێدەری- جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:"ئێمە چەند جارێك بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رێرەوی دانوستانەكان لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە كۆبووینەتەوە، ئاگاداری گفتوگۆكانین، ئەو لیژنانەی هەماهەنگیی لەنێوانیاندا هەیە لەم ماوەیەی رابردووشدا جارێكی دیكە كۆبوونەوەیان كردووە، لیژنە باڵاكە باشە و كارایە و كۆبوونەوەیان هەیە، بەڵام بەداخەوە چوار لیژنەكەی دیكە لیژنەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە مووسڵ و كەركووك و دیالە و مەخموور كارا نین وەك پێویست".

وتیشی: "هەوڵمان داوە و لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە چەند جارێك كۆبووینەتەوە، لەڕێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە داوامان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە هەوڵبدەن لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە هەیە پڕبكرێتەوە، هەوڵیش بدەن لیژنەكانی هەماهەنگیی كارابكرێن كە بەداخەوە تا ئیستا كارانییە و داعش سوودێكی زۆری لەوە وەرگرتووە".

دەربارەی رۆڵی لیژنەكەیان لە گفتوگۆ و دانوستانەكاندا، سێدەری رایگەیاند: "ئێمە وەك لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان چاودێرین بەسەر گفتوگۆ و دانوستاندنەكانەوە، ناوبەناو لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی تایبەتمەند كۆدەبینەوە بۆئەوەی بزانین گەیشتوون بەچی و لە چ ئاستێكدان".

سەبارەت بەوەی كۆبوونەوەكان بەكوێ گەیشتوون و لە چ ئاستێكدا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "ئێستا قۆناغێكی كەمێك باشتری لەسەرەتا بڕیوە بەڵام هێشتا ئەوە نییە و لەئاستی تموحی ئێمەدا نییە. كەمتەرخەمەكەش حكوومەتی ناوەندییە كە بەبیانووی جیاجیا پابەند نین بە رێككەوتنەكانەوە لەبەرئەوەی ئەوان چەند حكوومەتێكن لەناو حكوومەتێكدا، ئیتر ئەم وەزارەتە بەدەست چ لایەكەوەیە و چۆنە هەمووان تەرەفدارن لەوەی كە ناهێڵن ئەم بۆشاییە ئەمنییانە پڕبكرێتەوە، لە ئەنجامیشدا داعش سوودی لێ وەرگرتووە".

عوسمان سێدەری هەروەها رایگەیاند: "ئەوەی تاوەكو ئێستا قسەی لەسەر كراوە جێبەجێكردنی لەئاستێكی زۆر نزمدایە، تەنیا بڕیاری پێكهێنانی ئەو لیژنانەیە و هیچی دیكە و هیچ بەرهەمێكی نەبووە، سەنتەرە هاوبەشەكانی هەماهەنگییش تەنیا لەرووی شكڵییەوە پێكهێنراوە و ئەگەرنا لەڕووی كرداریی و مەیدانییەوە هیچ نەكراوە".

دەربارەی ئەوەی ئێستا دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان كە بۆشایی ئەمنیان تێدایە چۆنە، سێدەری رایگەیاند: "دۆخی ئەو ناوچانە زۆر خراپە، مانگ نییە بە دەیان كەس نەبنە ئامانجی تیرۆریستان و نەكوژرێن، تەنانەت ئەو ناوچانە بوونەتە شوێنی ئەو كەسانەی قاچاخ و یاخین لە حكوومەت، ئینجا چ حكوومەتی هەرێم بێت یان حكوومەتی عێراق، ئەو ناوچانە بوونەتە مەیدانی خۆحەشاردانی ئەو كەسانە، جگە لەوەی تەعریب بەشێوەیەكی جیاواز و خراپتر لە جاران لەو ناوچانە دەستیپێكردووەتەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن