هۆزان جانێ: نازانم دادگا چی لێم دەوێت

هەمەڕەنگ

10/02/2021     ژمارەی بینراو 607

راچڵەكین- 

هۆزان جانێ، خانە هونەرمەندی كورد بڕیارە جارێكی تر لە سێیەمین دادگای سزا قورسەكانی ئەدرنە دادگایی بكرێت. 
 
هۆزان جانێ بە میدیاكانی نزیك لەپارتی راگەیاندووە: "نازانم دادگا چی لێم دەوێت. ئەو پرسەی من پرسێكی یاسایی نییە، بەڵكو سیاسییە. لەبەر ئەوە درێژی دەكەنەوە و هەر جارەی شتێكی بۆ زیاد دەكەن"
 
جانێ وتیشی: "دادگای باڵا هەموو پرسەكەی خستەڕوو و وتی هیچ بەڵگەیەك نییە كە ئەم مرۆڤە ئەندامی حیزبێك بێت و ئەندامی پەكەكە بێت. هیچ بەڵگەیەكی تێدا نییە."
 
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوە دا كە بڕیار بووە لە سێ دادگاییكردن زیاتر نەبێت، "بەڵام ئەوە بووە شەش. ئەوەش مانای وایە كە ئەمە یاسایی نییە و سیاسییە."
 
هۆزان جانێ لەبارەی زیندانیكردنی و دادگاییكردنیەوە دەڵێت: "چاوەڕێم دەكرد هەر چوار پارچەی كوردستان لە پشتی من بن، بەڵام مخابن. چی بڵێم؟ دیسان سوپاسیان دەكەم. ئەگەر جارێكی دیكەیش پێویست بێت، من كوردم و دیسانەوە بۆ كوردایەتی تێهەڵدەچمەوە و هیچ خەم ناخۆم."
 
هۆزان جانێ كە ناوە سەرەكییەكەی سەیدە ئینانچە، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێكخراوێكی تیرۆریستیدا لە 22ی حوزەیرانی 2018 لە توركیا دەستگیر كرابوو و سزای شەش ساڵ و سێ مانگی بۆ بڕدرابووەوە.
 
جانێ دوو ساڵ و پێنج مانگ لە زینداندا مایەوە، بەڵام دواتر بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە 2020/10/01ـدا بە مەرج ئازاد كرا.هەروەها دادگا چوونەدەرەوەی لە توركیا لەو هونەرمەندە كوردە قەدەخە كرد.
 
رۆژی چوارشەممە 2021/02/10 لە سێیەمین دادگای سزا قورسەكانی ئەدرنە دادگایی جانێ بەڕێوەچوو.ئاكالان ئاماژی بەوە داوە كە چاوەڕێ دەكرێت دادگا رۆژی چوارشەممە بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو هونەرمەندەوە بدات.

هۆزان جانێ لە ساڵی ١٩٦٩لە دایكبووە و خەڵكی شاری ئەرزەروم-ە لە باكوری كوردستان، لەبواری موزیكداو چەندین بەرهەمی هونەریی تۆماركراوی هەیە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن