"بەبێ رێكەوتن حكومەتی عیراق هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێم رەوانە ناكات"

چاوپێکەوتن

10/02/2021     ژمارەی بینراو 554

راچڵەكین-

نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، هێزە سیاسیەكان بەگشتی و هێزە سیاسییە شیعەكان بەتایبەتی فشارێكی زۆریان لەحكومەتی عیراق كردووە كەبەبێ ڕێككەوتن هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت.

شیروان میرزا، لەبارەی هەنگاوەكانی تایبەت بە رێكەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" ئەوەی هەرێمی كوردستان دەڵێت 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست دەكەم زۆر واقیعیە لەبەرئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان 433 هەزار بەرمیل نەوتە بەتێكڕا بابڵیین 430 هەزارە، لەم 430 هەزارە، 180 -190 هەزار بەرمیلی جاری واهەیە زیاتریش تێچووی نەوتە، واتە تێچووی دەرهێنان و هەناردەكردن و پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوتە واتە موستەحقاتی كۆمپانیاكانە ئەوەی كەدەدرێت بەكۆمپانیاكان و تێچووی نەوت، ئەوەی دەمێنێتەوە 250 هەزار بەرمیل نەوتە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی هەیە وە "بەڕێز كاك قوباد" لەناو لیژنەی دارایی لەگەڵ هێزە سیاسیە عیراقییەكان و لەناو پەرلەمان ڕایگەیاندووە كەئەوان ئامادەن 250 هەزار بەرمیل نەوت چ بەنەوت عیراق بیەوێت چ بەنرخی نەوتەكە بیەوێت تەنانەت بەنرخی سۆمۆش بیەوێت ئامادەن ڕادەستی عیراقی بكەن بەڵام عیراقییەكان سەقفی داواكاریان زیادكردووە بەوەی كەداوای هەموو مەلەفی نەوت دەكەن، واتە نەوت لەبندەستی هەرێمی كوردستان دەربهێنن یان داوای كێڵگەكانی نەوت دەكەن كە ئەمە پێچەوانەی ماددەی 112 ی دەستورە كەباس لەوەدەكات كێڵگە نەوتییەكان بەهاوبەشی بەڕێوەدەبرێن، وەداهاتی نەوت هی هەموو عیراقییەكانە."

شیروان میرزا، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا حكومەتی عیراقی بەبێ ڕێككەوتن هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم دەنێرێت، رایگەیاند" هێزە سیاسیەكان بەگشتی و هێزە سیاسییە شیعەكان بەتایبەتی فشارێكی زۆریان لەبەڕێز كازمی و لەحكومەتی عیراقی كردووە كەبەبێ ڕێككەوتن هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت تەنانەت یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە لەمانگی 10 دەنگی لەسەردرا، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی تێدابوو هەموو بڕگەكانی جێبەجێبكات، جارێكی تر فشاری هێزە سیاسیەكان لەسەر كازمی و لەسەر حكومەتەكەی وایانكرد كەهیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت."

شێروان میرزا جەختیكردەوە" ئەوەی ئێمە پێشبینی دەكەین تائێستا لەناو لیژنەی دارایی و لەناو هێزە سیاسیەكان ئەوەیە كە بەبێ ڕێككەوتن حكومەتی عیراقی هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت."

"گرفتی ئەم پرۆژە یاسایە ئەوەیە كەهی پێش هەڵبژاردنە، پێش هەڵبژاردن موزایەدات زیاد دەكات پەرلەمانتار و كوتلەی سیاسی بۆ شەقام قسە دەكات ئەمە وایكردووە تۆزێك هێزە سیاسیەكان بەوە ڕازی نەبن و سەقفی داواكارییەكانیان زیاد بكات بەرامبەر كورد، وە كوردیش لەبەرامبەردا پێداگری لەسەر ئەم دەقەی حكومەت دەكات كە هەیە. شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عیراق وایوت.

ئەو نوێنەرەی كورد ئاماژەبەوەشدەكات:" ئێمە هیوای ئەوە دەخوازین كەنەگەینە ئەو حاڵەتەی كە ڕێكنەكەوین تائێستا ئومێدمان بەوە ماوە كە بگەینە ڕێككەوتن و بگەینە دەقێكی تەوافقی بەڵام لەعیراق لەسیاسەتدا هەموو ئەگەرەكان كراوەیە، وە ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغداد یەكێكە لەو ئەگەرانە هەرچەند بەدووری دەبینیین بەڵام لەم حاڵەتەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت هەنگاو بنێت بە چاكسازی ڕاستەقینە بەوەی كەهەم داهاتەكانی زیاد بكات و هەم خەرجیەكانی كەم بكات و خەرجی ناپێویست لابدات، وە بەگرێبەستەكانی نەوتدا بچێتەوە لەگەڵ كۆمپانیاكان بەگرێبەستی ناردنی نەوت بەبۆری توركیادا بچێتەوە كەپارەیەكی زۆر دەدات هەموو ئەوانە پێویستی بەچاكسازی ڕاستەقینە هەیە بۆئەوەی داهاتەكانی زیاد بكات و خەرجییەكانی كەم بكات، ئەو بڕە پارەیەی كەدەستی دەكەوێت بتوانێت ئیدارەی خۆی پێ بدات."

ئەوەش لەكاتێكدا دێت حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری و  وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رایگەیاندووە: وەك ئەنجومەنی وەزیران، پرۆژەیاسای بودجەمان پەسەندكردو لەلایەن خۆمانەوە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانمان یەكلایی كردەوە.

وتیشی:" ئەوەی حكومەتی عیراق پێویستییەتی بریتییە لە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن هەرێمەوە، لەگەڵ حكومەتی هەرێمیش لەسەر ئەو پرسە رێككەوتووین، بەگوێرەی پرۆژەیاساكەش، دەبێ حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو لە بەرامبەردا بەشە بودجەی خۆی وەردەگرێت".

وتەبێژی حكومەتی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد كە حكومەتی هەرێمیش پابەندبوونی خۆی بەو بابەتەو بە یاسای قەرزی ناوخۆیی نیشانداوە، ئێستاش پرۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەو بەوپێیەی گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، بۆیە بابەتەكە لای پەرلەمان یەكلایی نەبووەتەوە.

حەسەن نازم ئاشكراشیكرد، لە رۆژانی داهاتوو دیدارو چاوپێكەوتن ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی گەیشتن بە  چاسەرێكی كۆتایی سەبابەت بە هەرێمی كوردستان.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن