كۆرۆناو مووچە لەهەرێمی كوردستان شەڕی ڤاڵانتاین دەكەن

ڕاپۆرت

14/02/2021     ژمارەی بینراو 815

راچڵەكین-

لە رۆژی 14ی شوباتی ھەموو ساڵێك لەهەرێمی كوردستان هاوشێوەی هەموو جیھان، خۆشەویستان رۆژێكی تایبەت بەسەر دەبەن، جەژن دەگێڕن، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی بۆنەكە سارد و سڕتر لە جاران پێشوازی لێدەكرێت.

لە رۆژی ١٤ی شوباتی ھەموو ساڵێك لە سەرانسەری جیھاندا، خۆشەویستان رۆژێكی تایبەت بەسەر دەبەن، جەژن دەگێڕن، نامەی خۆشەویستی دەگۆڕنەوە و كاتێكی پڕ لە خۆشی بەسەردەبەن، لەم رۆژەدا لە ھەرێمی كوردستان، خۆشەویستان روو لە فرۆشگاكانی گوڵفرۆشی دەكەن بۆئەوەی گوڵی سوور پێشكەش بەیەكتر بكەن.

دەشتی حەمەدەمین- خاوەن فرۆشگای ئەمستردام بۆ گوڵی سروشتی لە شاری هەولێر، ئاماژە بەوەدەكات، چەند رۆژێك بەرلە رۆژی 14ی شوبات خەڵك سەردانی فرۆشگاكەیان دەكەن بۆ ئەوەی لە رۆژی ڤاڵانتیاندا گوڵە سوورەكان بەشێوەیەكی جوان بۆیان ئامادە بكەن، ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئەمساڵ كۆرۆنا و مووچه،‌ شەڕی ڤاڵانتاین دەكەن.

دەشتی حەمەدەمین

دەشتی حەمەدەمین، رایگەیاند: ''ساڵانە خەڵك چەند رۆژێك پێشتر ئامادەكاری دەكەن، ئێمەیش مانگێك زووتر لە دەرەوەی وڵات گوڵەكان ئامادە دەكەین لە جۆری گوڵی رۆزی رەنگ سوور كە لەم بۆنهیە‌دا، خواستی هاووڵاتییان زیاتر لەسەر ئەم جۆرە گوڵەیە''.

سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی ئابووری لەسەر بەڕێوەچوونی ئەم بۆنەیە وتی: ''كاریگەرییەكی زۆری هەبووه،‌ نەبوونی مووچە، بێكاری، بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەربە دیناریشی هاتووەتەسەر‌ كه كاریگەری لەسەر هەموو شتێك دروستكردووە، ئێمە زۆر بە كەمی نرخەكانمان بەرزكردووەتەوە و رەچاوی دۆخی هاووڵاتییانمان كردووە''.

دەشتی حەمەدەمین لەبارەی كاتەكانی كاركردن و ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی كە لە بۆنەی ڤاڵانتایندا سەردانیان دەكەن وتی: ''بە گشتی رۆژانە 16 كاتژمێر كار دەكەین، بەڵام دوو رۆژ پێش ڤاڵانتاین بە شێوەیەكی بەردەوام شەو و رۆژ كار دەكەین و داواكارییەكانی خەڵك جێبەجێ دەكەین لەكاتی خۆیدا، پێشبینی دەكەین بۆ ئەمساڵ،‌ نزیكەی 500 كەس سەردانمان بكەن''.

بەوتەی دەشتی حەمەدەمین، ئەگەر گوڵەكان لە پلەی گەرمی نزمدا هەڵبگیرێن، ئەوا نزیكەی دوو هەفتە دەمێننەوە و تێكناچن.

ئەو كەسانەی كە بەبۆنەی 14ی شوبات هاتبوون بۆ كڕینی گوڵی سوور، بۆ ئەوەی بە دیاریی پێشكەش بە خۆشەویستەكانیان بكەن، ئامادەنەبوون لەبەردەم زوومی كامێرادا گوزارشت لەم بۆنەیە بكەن.

لە رۆژی ڤاڵانتاین ١٤ی شوباتی هەموو ساڵێكدا، بەشێك لە خەڵكی ئاهەنگ بۆ یادی رۆژی قەشە ڤاڵانتاین و خۆشەویستی و سۆزداری دەگێڕن و خۆشەویستان لەم رۆژەدا، خۆشەویستی خۆیان دەردەبڕن بە شێوەی ناردنی كارتی ڤاڵانتاین، گوڵی سوور، نوقڵ و شیرینی بۆئەو كەسەی كە خۆشیان دەوێت.

سان ڤاڵانتاین

 

ڕۆژی 14/2 هەموو ساڵێك یادی خۆشەویستیە لە سەرانسەری جیهان . مێژووە كەشی‌  دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمەكان (700) ساڵ دوای زاین. لەسەردەمی قەیسەری ڕۆمیاكان بوو خۆشەویستی‌ بە هەموو جۆرێ قەدەخە بووە، چونكە خۆشەویستی وا لە مرۆڤ دەكات شەڕنەكات و نەرموو نیان بێت،ڕێز لە هەموو كەس بگرێت و دان بە بونی هەموو كەسدا بنێت، بەڵام قەیسەر ویستوویەتی هەموو دونیا داگیر بكات لەبەر ئەم هۆیە یاسایەكییان دەركردوە كە خۆشەویستی قەدەخە بێت و‌ هەر كەس عاشق بێت ئەكوژرێت. بەڵام لە وكاتەدا قەشەیەك هەبووە كە ناوی (سان ڤاڵانتاین) بووە كە بە دزیی یەوە هەموو كوڕ و كچە عاشقەكانی لە یەكتری مارەدەكرد، ڕۆژێك پاشای ڕۆم بەمە دەزانێت فەرمان دەردەكات كە بیگرن و بیكوژن  ڤاڵان تاین دەگرن و لە ڕۆژی 14/2 دیكوژەن. ئیتر عاشقەكان ئەو ڕۆژەیان پەسەند كرد بە رۆژی خۆشەویستی هەموو ساڵێك لەو كاتەدا گوڵی سووریان دەگۆڕییەوە و جلوبەرگی فریشتە باڵدارەكان لەبەردەكرد، وەك وەفایەك بۆ ڤاڵانتاین كە خۆی ئەكات بە قوربانی لە پێناوی خۆشەویستی، ئیدی لەو دەمەوە هەتا ئێستا ئەم یادە بەردەوامە.

لەزۆربەی وڵاتانی جیهان 14/2 وەك رۆژی خۆشەویستی بە (ڤاڵانتاین) ناسراوە و لە رۆژەدا عاشقان گوڵی سوور وەك دیاری بەیەك دەدەن و پەیمانیان نوێدەكەنەوە، تا ئێستاش خۆشەویستان لە 14/2ی هەموو ساڵێك كە دەكاتە رۆژی مردنی، وەك وەفایەك بۆ ڤاڵانتاین بە شێوەی ئاڵوگۆڕكردنی نامە و ناردنی ئەو كارتە تایبەتانەی كە لەسەری نووسراوە (لە ڤاڵانتاینەوە)، یان بە پێشكەشكردنی گوڵی سوور ئەو رۆژە بەرز رادەگرن.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن