حاكم رزگار: دادگای پێداچوونەوە دەتوانێت سزای پێنج دەستگیركراوەكەی بادینان هەڵبوەشێنێتەوە

چاوپێکەوتن

18/02/2021     ژمارەی بینراو 549

راچڵەكین-

ئەندامێكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دادگای پێداچونەوە(تەمییز) دەتوانێت بڕیاری سزای زیندانیكردنی پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسەكەی بادینان هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر یاسایی نەبوو، "دەتوانن ئەو تۆمەتبارانە راستەوخۆ ئازاد بكەن." 

 رۆژی 16ی ئەم مانگە، دادگای تاوانەكانی هەولێر، پاش زیاتر لەشەش مانگ دەستگیركردن سزای شەش ساڵ زیندانی كردنی سەپاند بەسەر پێنج چالاكوان و ڕۆژنامەوانی بادینان، لەپاش بڕیارەكەش ناڕەزایی بەشێك لەخەڵكی و لایەنە سیاسیەكان و چالاكوانان و ڕۆژنامەوانانی گرتەوە لەئێستادا تاكە ئومێد دادگای پێداچونەوە (تەمیز)ی هەرێمی كوردستانە كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە.

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین- ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، ئاماژەی بەشێوازی تانەدان لەبڕیاری دادگای تاوانەكانداو وتی:" بێگومان ئەو حوكمانەی كەلەدادگای تاوانەوە دەردەچێت شیاوی پێداچوونەوەیە لەدادگای "تەمیز- پێداچوونەوە" هەندێك بڕیار هەیە ئەگەر خاوەنی كێشەكە تەمیزی نەكاتەوە هەرخۆی پێی دەڵێن "وجوبی" واتە بەخۆڕسك دێتە دادگای پێداچونەوە ئەوەی كە سزاكەی لەسێدارەدان بێت، وە زیندانی هەتا هەتایی بێت نەك ئەگەر حوكمیش درابێت بەوە، بەڵكو ئەگەر لەیاساكەدا سزاكەی وادیاریكرا بێت كە ئەمە لەسێدارەدانە یان زیندانی هەتا هەتاییە،وەهەرجۆرێكیش لە حوكم لەوبارەیە دەربچێت دەبێت دادگای تاوان بینێرێت بۆ داواكاری گشتی دواتر بۆ سەرۆكایەتی داواكاری گشتی بەپێی یاسای داواكاری گشتی، سەرۆكایەتی داواكاری گشتیش دەبێت بینێرێت بۆ دادگای پێداچوونەوە لەدادگای پێداچونەوە دەستەیەكی پێنج كەسی ئەو كێشانە دەبینێت كە لەدادگای تاوانەكانەوە دەردەچێت لە تاوانەوە وە دەستەیەكی گشتیش یان دەستەی گشتی ئەو كێشانە دەبینن كەسزای لەسێدارەدانی تێدا دەرچووبێت هەر سزایەكی لەسێدارەدان ئەمە شێوازی تانەیە."

" كێ دەتوانێت تانە لەبڕیاری دادگای تاوانەكان سەبارەت بەكەیسی پێنج زیندانی كراوەكەی بادینان بدات؟ "

حاكم ڕزگار سەبارەت بە كەیسی پێنج لەسزادراوانی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان دەڵێت" لەم كێشەیەی ئێستا من نازانم چونكە دۆسێیەكەم نەبینیووە كە بەچ ماددەیەك حوكمیان داون ئەگەر لەو ماددانە بێت كە لەبنەڕەتدا سزای هەتا هەتایی تێدا هەیە یان لەسێدارەدانی تێدا هەیە ئەوە دادگا بەبێ ئەوەی كەسیش "تەمیزی" بكاتەوە دەبێت بینێرێت بۆ دادگای پێداچونەوە لەبەرئەوە ئێستا بەوردی نازانم بە چ ماددەیەك حوكم دراون ئەوان ئەگەر لەو ماددانەبوو ئەوا دەبێت بینێرێت بۆ دادگای پێداچوونەوە، ئەگەر لەو ماددانەش نەبێت كەزیندانی هەتا هەتایی یان لەسێدارەدانە نەك حكومەكە بەوجۆرە دەرچوو بێت هەر لەناو دەقەكەدا ئەو سزایەی تێدابێت كە ئەم پێی حوكم دراوە، ئەوكاتە لایەنی كێشەكە، وەداواكاری گشتیش هەردوولایەن بۆیان هەیە تۆمەتبار كەحوكمدراوە، داواكاری گشتیش هەر بۆی هەیە هەردوولایەن مافیان هەیە داوای پێداچوونەوە بكەن لەدادگای پێداچوونەوە."

هەروەها دەشڵێت" من وەكو دادوەرێك هەتا مەلەف نەبینم ناكرێت قسە بكەم، لەڕاستیشدا چونكە من ئەندامی دادگای پێداچونەوەم بەڵام ئەو كێشە "جەزائیانە" مەگەر سزای لەسێدارەدان بێت ئەگەرنا نایەتە لای من، من كێشەی نەوجەوانان دەبینم بۆیە ئێستا هەرچی بڵێم ئەوە لەخۆوەیە."

"ئەنجوومەنی دادوەری مافیان نییە قسە بكەن "

دوێنێ چوارشەممە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی ڕەخنەكانی ڕای گشتی دایەوە سەبارەت بە بڕیاردانی شەش ساڵ زیندانی كردن بۆ چالاكوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینان لەدادگای تاوانەكانی هەولێر، ئەنجومەنی دادوەری ڕایگەیاند" پڕۆسەی دادگایی كردنەكە بەشێوازێكی شەفافانە بەڕێوەچووە."

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت" هیچ كەس و لایەنێكی دادوەری مافی ئەوەی نیە نە بەباش یاخود پێچەوانە قسە لەسەر دۆسێیەك بكات كە هێشتا نەیبینووە و كاری ئەو نەبێت چونكە ئەوە كاری دادگای پێداچونەوەیە پاش بینینی دۆسێیەكە كەهێشتا نەیبینیووە.

حاكم ڕزگار دەڵێت:" ئەنجوومەنی دادوەری مافیان نییە قسە بكەن لەسەر كێشەكە بڵێن ئەم كێشەیە واباش بەڕێوەچووە یان هەر تەعلیقێكی تر لەوبارەیەوە چونكە ئەوكات ئەو بابەتە لەدواجاردا دەبێت بچێتە بەردەمی ئەو دەستەیە یا دادگای پێداچوونەوە جا دەستەی پێنج كەسیەكەیە یان دەستە گشتیەكەیە، ئەوەشی كە بۆ دەستەی پێنج كەسی دەچێت دوو دەستەی پێنج كەسی لەناو دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستاندا هەیە هەریەك لەو دوو دەستەیە بۆی هەیە داوابكات بدرێتە دەستەی گشتی بۆیە لەڕاستیدا لەسەر ئەسڵی بابەتەكە ئایا بڕیارەكە ڕاستە یان ڕاست نییە من وەكو حاكمێك نابێت قسە بكەم."

هەروەها دەشڵێت" ئەنجوومەنی دادوەری مافی ئەوەی نییە قسە بكات لەسەرئەوەی كە ئەم بڕیارە یاساییە یان نایاساییە، ئەنجوومەنی دادوەری جیهەتێكی ئیدارییە پەیوەندی هەیە بەچۆنیەتی ئیدارەكردنی بارودۆخی قەزایی و چۆنیەتی دانانی دادوەر و چۆنیەتی گواستنەوەی و مۆڵەت و فەرمانبەر و هەندێك سەڵاحیەتی تر كە یاسای دەسەڵاتی دادوەری هاتووە بەڵام قسەكردن لەسەر كەیسێكی قەزائی، هونەری كە ئەم بڕیارە دروستە یان دروست نییە ئەوا دادگای تەمیز بەتەنها ئەو مافی هەیە بڵێت ئەم بڕیارە بڕیارێكی دروست و قانونی و بەشێوەیەكی ڕێكوپێك دەرچووە یان دەرنەچووە."

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین جەختیكردەوە" بێگومان دوای ئەوەی كە دێتە بەردەستی دادگای تەمیز-پێداچونەوە ئێستا بۆی نییە قسە بكات لەسەر چارەنوسی ئەو قەزیە و بڵێت ئەو قەزیەیە ڕاست بووە یان هەڵە بووە چونكە ئەو قسەیەی كرد ئیتر دادگای پێداچونەوە مافی نامێنێت قسە بكات لەكەیسەكەدا."

" ئەنجوومەنی دادوەری وەكو جیهەتێكی ئیداری پەیوەندیان نییە بەو بابەتەوە "

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین زیاتر ڕونیكردەوە" ئەنجوومەنی دادوەری وەكو جیهەتێكی ئیداری پەیوەندیان نییە بەو بابەتەوە دادگای پێداچونەوەش قسەناكات تا كەیسەكە دەچێتە بەردەستی خۆی و وردەكاری تێدا دەكرێت و بڕیاری كۆتایی تێدا دەردەكات ڕادەگەیەنرێت بۆ خەڵكی چونكە بڕیارەكان بەئاشكرا بڵاودەكرێتەوە دەچێتەوە دادگاكەی خۆی و خەڵك دەتوانێت ئیستیفادەی لێبكات بۆیە منیش ئێستا وەكو ئەندامێكی دادگای پێداچونەوە هەرچەند ئەو كەیسە نایەتە لای من بەپێی ئەوەی من كاری نەوجەوانان دەبینم بەڵام جاری واهەیە گۆڕانكاری دەبێت ئەوەیان نازانم منیش مافم نییە ئێستا قسە بكەم لەسەر بڕیارەكە بڵێم ئەو بڕیارە بڕیارێكی دروست و یاساییە یان بڕیارێكی هەڵە و نایاساییە، وە بیشیزانم من قسەی لەسەر ناكەم چونكە وەكو ئەندامێكی ئەو دادگایە ئەو كێشەیە لەدواجاردا دێتە ئەوێ دەبێت ئارامبگرم و قسەنەكەم هەتا مەلەفەكە دەبینم چونكە ئێمە لەسەر بنەمای بینینی مەلەف قسە دەكەین بۆیە هەڵەیەكی گەورەیە لەلایەن هەر لایەنێكی ترەوە كەئێستا بڕیار بدات بەوەی كە ئەم بڕیارە بڕیارێكی دروستە یان بڕیارێكی هەڵەیە ئێستا كاتی ئەوە نییە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە بەشێك لەخەڵكی دەڵێن لەكاتێكدا ئەو سزادراوانە، تاوانی سیخوڕی دراوەتە پاڵیان چۆن سزای شەش ساڵ زیندانی كردنیان بەسەردا سەپاوە؟

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت" لەڕووی یاساییەوە هەمووی وەكو یەك نیین دەقەكان، دەقی جیاواز جیاواز هەیە لەوبارەیەوە لەسێدارەدان ،هەتا هەتایی هەیە، كاتی هەیە، یاسای تیرۆر و یاسای سزادانی عیراقی جێبەجێ دەبێت لەسەری، هەندێكیان پەیوەندی بەیاسای سزادانی عیراقیەوە هەیە، هەندێكیشیان پەیوەندی بەیاسای بەگژداچوونەوەی تاوانی تیرۆرە من نازانم ئەو برادەرانە بە چ ماددەیەك سزادراون."

"دادگای پێداچونەوە دەتوانێت بڕیاری سزادانی ئەو پێنج كەسە هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر یاسایی نەبوو دەتوانن ئەو تۆمەتبارانە یەكسەر ئازاد بكەن "

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین دەشڵێت" ئەو بڕیارەی دادگا سەبارەت بەو پێنج كەسە بێگومان كۆتایی نییە هەتا دادگای پێداچونەوە نەیبنێت، وە دوو پلەش هەیە لەدادگای پێداچونەوە هەیە پلەیەكیان تەنها پێداچوونەوەی "تەمیزییە" لەدوای ئەو پلەیەشەوە پلەیەكی تری پێداچوونەوە هەیە كە ئەویش پێی دەڵێن ڕاستكردنەوەی بڕیاری "تەمیزی" یاسای عیراقس گەرەنتی زۆری داوە بەتۆمەتبار بۆ ئەوەی كەقۆناغی یەك لەدوای یەك ئەگەر بەدڵی نەبوو پێداچوونەوەی بۆ بكرێت بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی دروست جێبەجێ بكرێت."

ڕاشیگەیاند" بێگومان دادگای پێداچونەوە دەتوانێت دوای پێداچونەوە یەكسەر سەیری ئەو بڕیارە بكەن و ئەگەر یاسایی نەبوو دەتوانن ئەو تۆمەتبارانە لەدادگای تەمیز-پێداچونەوە وە ئازاد بكەن."

" خۆشیان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدان "

واتە لەكەیسی پێداچونەوە بە سزای پێنج ڕۆژنامەوان و چالاكوانەكەی بادینان پێت وایە دادگای پێداچونەوە نەكەونە ژێر فشار؟

لەوەڵامدا حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت: " من نازانم من باسی باری گشتی دادوەریم كرد بەڵام لەناو دادوەرانیشدا دادوەری زۆر مەبدەئی هەیە و كاریگەری لەسەر نابێت ئەگەر ئەو كەیسە بچێتە بەردەمی جاری واهەیە دادوەر بەڕێگەیەكی تر ڕێگری دەكرێت لەئیش كردن لە كەیسە گرنگەكاندا نایخەنە بەردەستی ئەو ئەوە بابەتێكی ترە بەڵام من بۆخۆم ئێستا ناتوانم بڵێم كەیسەكە هاتە دادگای پێداچونەوە بەشێوەی دروست سەیرناكرێت چونكە یەك كەس و دووكەس تەماشای ناكات بەڵكو ئەوانە دەگەڕێتەوە دەست ئەو دەستەیە كەدەچێتە بەردەستیان بڕیارەكە بەزۆرینە و كەمینە دەردەچێت بڕیارەكە دەبینن كە ئایا بڕیارەكە دروستە یاخود دروست نییە ئەوە خۆشیان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدان."

" ئەوەی كە باوەڕم پێیەتی ئەوە دەكەم و یاسا چی بڵێت هەرئەوە دەكەم بەبێ ترس و بەبێ دوو دڵی من كەسی خۆم مێژوو دەنووسمەوە"

حاكم ڕزگار ئەوەش دەڵێت" هەمیشە دادوەر لەبەردەم تاقیكردنەوەی ویژدان و تاقیكردنەوەی یاسا و تاقیكردنەوەی مەبدەئی و سومعە و نوسینەوەی مێژووی خۆیەتی من بۆخۆم وای دەبینم لای خۆمەوە ئەوەی كە باوەڕم پێیەتی ئەوە دەكەم و یاسا چی بڵێت هەرئەوە دەكەم بەبێ ترس و بەبێ دوو دڵی من كەسی خۆم مێژوو دەنووسمەوە مێژووی خۆم و مێژووی قەزا لەو قۆناغەی كەتێیدا دەژیم لەبەرئەوە دەبێت هەموو بەبەرپرسیاریەتییەوە لۆمەكاری هەموو فەرمانبەرێكە لە دەوڵەتدا لە گەورەترین فەرمانبەری پۆست و پلە تاوەكو خوارەوە دەبێت بەوجۆرە بیر بكاتەوە من بۆخۆم واسەیری دەكەم كە ئەگەر ئەو كێشانەی دێتەبەردەستم هەركێشەیەك چیرۆكێكە بۆخۆی، هەربابەتێكیش پەیوەندی هەیە بە ژیان و ماڵ و كەرامەتی خەڵكیەوە دەبێت قازی بەبێلایەنانە سەیری بكات ئەوكاتە دەردەكەوێت باچاوەڕوان بكەین پێشوەخت بڕیار و حوكم نەدەین بەسەر بابەتەكە."

" هەرجۆرە دانپیانانێك لەئەنجامی زەبر و زەنگ و هەڕەشە و توندو تیژی بێت وەرناگیرێت و بە بەڵگە ئەژمار ناكرێت بۆ ئیدانەكردن و حوكمدانی."

بەپێی وتەی ئامادەببوانی دانیشتنەكەی دوو ڕۆژی ڕابردووی دادگای تاوانەكانی هەولێر سەبارەت بەبڕیاردان لەسەر پێنج چالاكوان و ڕۆژنامەوانەكانی بادینان، شێروان شێروانی لەبەردەم دادگادا هاواری كردووە (كێ لە ئێوە قبوڵی دەكات بە هەڕەشەكردن لە هاوسەرەكەی هەڕەشەی لێ بكرێت و دانی بەزۆر پێدابنرێت؟!"

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین كە لەسەرەتای پڕۆسەی دادگایی كردنی سەرۆك كۆماری پێشووی عیراقی و بەرپرسانی باڵای ڕژێمی بەعس سەرۆكایەتی دادگای تایبەتی دەكرد و ڕێگەی دەدا بەو بەرپرسانە لەبەردەم دادگا وتەی خۆیان بڵێن هەروەها ئازادانە بەرگری لەخۆیان بكەن ئەوەش ببوە جێی سەرنجی ناوەندە نێودەوڵەتیەكان و ڕێكخراوەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ، بۆ وتەی شێروان شێروانیش وەك دادوەرێك قسەی خۆی هەیە و دەڵێت" دەبێت دادوەری دادگاكە وتەی ئەو تۆمەتبارانە بەهەند وەربگرێت"

لەو ڕوەوە حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت" بەڵی وەردەگیرێت من بۆخۆم دەمەوێت جەختی لێ بكەمەوە كەیاسای عێراقی یاسایەكی پێشكەوتووە و مافی لایەنەكانی تێدا بەرجەستەبووە بەتایبەتی مافی تۆمەتبار، دەكرێت لەبەردەم دادگا خۆشیدا دانپێدانانێك وەرگیرابێت هەمان دادگا خۆی دەكرێت ئەو دان پێدانانە وەرنەگرێت كەبزانێت درۆیە ئەمە لەلایەك لەلایەكی ترەوە دەبێت گوێ لەهەموو ئەو قسانە بگیرێت چونكە ئێمە چوار قۆناغمان هەیە بۆ لێكۆڵینەوە، قۆناغێكمان قۆناغی یەكەمی پێ دەڵێن كە پۆلیس دەیكات دوای ئەوە قۆناغی سەرەتایی كەدادوەری ڵێكۆڵینەوە و ڵێكۆڵەر دەیكەن دوای ئەوە لێكۆڵینەوەی قەزایی دەست پێدەكات لەبەردەم ئەو دادگایەی كەحوكم دەردەكات، دوای ئەوە لێكۆڵینەوەكان و ئینجا دادگایی دەست پێدەكات لەدوای تۆمەت بێگومان لەهەر قۆناغێك لەم قۆناغانە تۆمەتبار مافی خۆیەتی كەبەئازادانە بڵێت من توشی چی بووم لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا بێگومان ئەگەر توشی ئەشكەنجە بوو بێت هەرجۆرە دانپیانانێك لەئەنجامی زەبر و زەنگدا بێت لەئەنجامی توندوتیژی و ئەشكەنجەدا بێت ئەوا لەڕووی دەستوریشەوە لەڕووی یاسای بنەماكانی دادبینی سزایی عیراقیشەوە ئەو دانپێدانانە وەرناگیرێت و بە بەڵگە ئەژمار ناكرێت بۆ ئیدانەكردن و حوكمدانی."

حاكم ڕزگار محەمەد زیاتر وتی:" من ناڵێم چ بڕیارێك ڕاستە یان دروستە بەڵام بەشێوەیەكی گشتی قسە دەكەم دادگای پێداچونەوە ئەركیەتی لێكۆڵینەوە لەهەموو لایەنەكان بكات دەبێت یەكەم شت قسە لەسەر ئەوانە بكات بزانێت ئایا ئەو بەڵگانەی كە كۆدەكرێتەوە دژی كەسێك بەشێوەیەكی مەشروع و ئازادانە و یاساییانە و بێ زەبروزەنگ و بێ غەل و غەش كۆكراوەتەوە یان نا؟ ئەگەر لەهەر شوێنێك خەلەل یان نادروستی و نایاسایی هەبوو لەكۆكردنەوەی بەڵگەكاندا ئەوكاتە بەبابەتی شەرعیەتی جەزائی- شەرعیەتی تاوان لەق دەبێت و گومان دەخاتەسەر كۆی بڕیارەكە و كۆی كەیسەكە."

" كاریگەری ڕای گشتی لەسەر گۆڕینی بڕیاری دادگا لەلایەن دادگای پێداچونەوەوە"

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی فشارە مەدەنیە نێوخۆییەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان چ كاریگەری دەبێت لەسەر گۆڕیینی بڕیاری دادگا لەلایەن دادگای پێداچونەوەوە سەبارەت بەكەییس و بڕیارێكی یاسایی؟

لەوەڵامدا حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین وتی:" خۆی لەڕاستیدا نابێت كاریگەری دەرەكی هەبێت لەسەر بڕیاری دادگا بەڵام هەندێك بابەت كەدەبێتە رای گشتی ڕەنگە حسابی بۆ بكرێت لەوەی كە رای گشتی هاوسۆز بێت لەگەڵ لایەنێك لەڕووی ئەوەی كە "موحیقە" یان نا ئەوە گرنگە بۆیە دادگا لەهەموو حاڵێكدا نابێت بكەوێتە ژێر رای گشتیشەوە نە بەچاكی نە بەخراپی واتە ئەگە پێچەوانەكەشی بێت رای گشتی داوابكات بەئیدانەكردنی كۆمەڵێك خەڵك نابێت وەربگیرێت، من بۆخۆم لەدادگای گەورەدا بووم و رای گشتی بەجۆرێكی تر ویستویەتی بەڵام بۆخۆم پێم وایە قەناعەتی یاسایی و ویژدان لەسەرو هەموو كاریگەریەكانی ترەوەیە و "جائیز" نییە بەڵام هەندێكجار شت كەدەبێتە بابەتی رای گشتی لەوانەیە كاریگەری ناڕاستەخۆی هەبێت لەسەرئەوەی كە دادگا زیاتر لەسەر ئەو كەیسە ڕابوەستێت، وە زیاتر وردەكاری تێدا بكات."

"كاریگەری هەیە ئەو شتانە چونكە پەیوەندی بە مەسەلەی راوبۆچوونەوە هەیە "

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین زیاتر لەسەر كاریگەری ڕای گشتی و ڕێكخراوە دەرەكیەكان دواو و وتی" بێگومان ئەو كاریگەرییە دەرەكیانە من پێم وایە كاریگەری هەیە لەسەرئەوەی كە دادگا بە گرنگیەكی زیاترەوە كەهەرچەندە ئەركی خۆیەتی نابێت بەهیچ جۆرێك نە خاو و خلیچكی لەسەیركردنی و نە"ئیهمال" لەوردبینی كردنی نە ئەو سەڵاحیاتانەی كەدادگای تەمیز خۆیەتی بۆ ئەوەی كەبزانێت كەیسێك بڕیارەكان تێیدا ڕاست و دروست دەرچووە یان ڕاست و دروست دەرنەچووە، ئەوە بەرپرسیارێتی دادگای پێداچونەوە و هەر ئەندامێكە كەتێیدایە، هەریەكە بەتەنها سەیری ئەو كەیسە دەكەن و دواتریش كۆدەبنەوە لەسەری و ئەو بابەتە دەبێت بابەتێكی مەبدەئی و بەهایی و ویژدانی گەورە بێت بەتایبەتی ئەمجۆرە كەیسانەش كە رای گشتی دروست دەكات دەبێت دادگا زیاتر لەسەری بوەستێت وە بەهیچ جۆرێك كەلێنێك نەهێڵێتەوە بۆئەوەی ئیهمالی تێدا بكرێت یا بەوردی سەیر نەكرێت ئەگەرنا ئەركی هەموو دادوەرێك و دادگایەكە بەڕێكوپێكی و بەوپەڕی گرنگییەوە سەیری هەموو كێشەیەك بكات بەڵام پێم وایە كاریگەری هەیە ئەو شتانە چونكە پەیوەندی بە مەسەلەی راوبۆچوونەوە هەیە تاوەكو وردەكارییەكان دەرنەكەوێت ڕەنگە هەندێك شت هەیە نەتوانیین ئێمە بیڵێن."

" لەچل ساڵی كارمدا بەمجۆرە خراپ نەبووە... ئێستا دۆخی دادپەروەری و یاسا لەخراپترین ئاستدایە "

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین لەبارەی دوو دڵی و نیگەرانی هەندێك خەڵك لە لایەنی دادوەری لەهەرێمی كوردستاندا دەڵێت" من وەكو دادوەرێك قسە دەكەم، وەكو ڕۆشنبیرێكیش و وەكو مافناسێكیش هەروەها وەكو چاودێرێكیش نزیكەی چل ساڵ دەبێت لەدەزگای دادوەریدا ئیش دەكەم لەیاریدەدەری دادوەرییەوە هەتا گەیشتومەتە ئەم قۆناغە كەقۆناغی دادگای پێداچوونەوەیە خەڵك وادەڵێن مافی خۆیانە منیش لەگەڵ خەڵكدا وادەڵێم پێشم وایە لەئێستا خراپتر باری دادوەریم نەبینیووە لەو قۆناغانەی كە بۆخۆم بینیوومە. قۆناغی دادوەری و بارودۆخی عەدالەت و یاسا ئێستا لەخراپترین ئاستدا دەبینم لەعێراق بەگشتی و لەهەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی."

"من زیاتر با سەرنج لەسەر دۆخی دادگەری لەكوردستان بدەم من لەسەر بنەمای ئەو "مشاهداتانەی" خۆم قسە دەكەم كەئێستا تێیدا دەژیم من بەڵێ دەڵێم لەوە خراپترم نەبینیووە چ لەڕووی ئیدارەوە چ لەڕووی باری جێبەجێكردنی یاسا و ئیجتهادات و لایەنی زانستی و بەدەر لەوەی كە دادوەری فەرد هەیە، دادوەری بەتوانا و ڕێكوپێك هەیە بەڵام پرۆسەكە بەشێوەیەكی گشتی لەڕووی ئەنجامنەدانی كێشەكان لەكاتی خۆیدا، لەڕووی هەڵە قەزائیەكان ئەگەر ئیجتهادات و خوێندنەوە و ماندووبوونی زیاتری لەسەر نەكرێت وەكو هەر زانستێكی تر قەزاش قابیلی ئەوەیە لەیاسادا هەڵە بكرێت، بۆیە لەئیدارەی قەزائیش من بۆخۆم لەمە خراپترم نەبینیووە."دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین ئەندامی دادگای پێداچونەوەی هەرێم وایوت"

"هۆكارەكانی خراپی دۆخی دادگەری لەهەرێمی كوردستان"

سەبارەت بەهۆكاری دۆخی دادگەری لەهەرێمی كوردستان كە دادوەر ڕزگار دەڵێت" لەتەمەنی كاركردنمدا لەم دۆخە خراپترم نەدیووە" دەڵێت" هۆكارەكە یەكەم كەس بۆ قازی دەگەڕێنمەوە قازی لێپرسراوی یەكەمە خۆی كەسوێند دەخوات كە ئەو ئەو پۆستەی پێ دەدرێت ئیداری بێت یان غەیری ئیداری بێت دەبێت بەوپەڕی ویژدانەوە یەكەم شایستەی ئەو شوێنە بووبێت كەواتە دانانی "كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو" ئەو وتەیە ئەوە زۆری كێشەكانی دروستكردووە و زۆریشی چارەسەر دەكات ئەوە بابەتێكی سەرەكییە لەمەسەلەی دانانی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو بەڵام "محاسەسەی" حیزبی ئەوە بابەتێكە لای من سەرنج لەسەر دادوەر خۆی دەكەم لەسێبەری هەمان ئیدارە و هەمان حیزبدا دادوەر هەیە بەباشی ئیشەكانی خۆی دەكات دادوەریش هەیە تەسلیمی ئیراداتی تر دەبێت ئەمە لەلایەك."

"من قسە لەسەر دادوەر دەكەم "

هەروەها وتیشی" لەلایەكی ترەوە كۆی گشتی سیاسەت دەبێت ستراتیژێكی هەبێت، هەردەوڵەتێك و هەر حكومەتێك حكومەتی كوردستانیش كەحكومەتێكی هەرێمیە و ئیدارەیەكی چەند شارێك دەكات بەڕێكوپێكی دەبێت بیكات ئەوەش ئەركیەتی كەسیاسەتێكی دروست بۆ قەزایەكی بێلایەن بۆ قەزایەكی شارەزا بۆ قەزایەكی ئازا دروست بكرێت دانانی كەسەكان، دانانی ئەو كەسە ئیداریانەی كە لە قەزا دادەنرێن وەكو سەرۆكی تەمیز و ئەندامی تەمیز وەكو سەرۆكی ئیستئناف-تێهەڵچونەوە وەكو جێگرەكانیان ئەمانە دەبێت لەسەر بنەمای "ئەقدەمیەت"، شایستەیی، لیهاتوویی و دوور لە "وەلائات دوور لە موحاسەسە" بێت من پێم سەیرە حیزبێك یان كەسایەتیەك كەسێك بچێت خۆی بۆ بچووك بكاتەوە بەتایبەتی من قسە لەسەر دادوەر دەكەم دادوەرێك بچێت داوابكات تەوسول بكات بۆ ئەوەی كەپۆستی پێ بدرێت یان دابنرێت بەشێوەیەك لەشێوەكان یان ئیمتیازێكی پێ بدرێت پێم سەیرە! من بۆخۆم سەرۆكی حیزبێك بم بەڕاستی بەو دادوەرە دەڵێم كە تۆ شیاوی دادوەری نیت و شیاوی ئەو پۆستە نیت."

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین دەشڵێت" بابەتەكان خۆی ئیشی ئەمڕۆ و دوێنی نییە وردە وردە هاتووە، پرۆسەیەكە لاوازی لەدامەزراوەیەكدا كەدروست دەبێت بەرای من كەسی یەكەم لەوێ كێیە ئەوە تەحەمولی بەرپرسیارێتی گەورە بكات تێیدا وە ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیش، دەسەڵاتی ئیداریش كە پۆست دادەنێن پێویستە ئەو پۆستانە سەیری ئەنجامەكەی بكەن دوای ساڵێك دوو ساڵ و سێ ساڵ بزانن ئایا ئەم دامەزراوەیە و ئەم دەزگایە سەركەوتن و فەشەلەكانی لەكوێدایە و بتوانن چارەسەری بكەن بەڵام كەچارەسەر نەكرێت كەچاودێری نەبێت كەخەڵكی شیاو ئەگەر نەزانرا شیاوە لانەبرا ئەوە كێشەكانە."

"چارەسەر"

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین، باسی لەچارەسەری دۆخی خراپی دادوەری كرد لەهەرێمی كوردستان، لەو ڕوەوە دەڵێت" بەدڵنیاییەوە ئەو بابەتە چارەسەر و چاككردنی ئاسانیشە هەم یاسا هەیە بۆ ئەو بابەتانە چۆن ئیدارەی قەزا دەكرێت چۆن قازی باش لە شوێنەكەی خۆی سەرۆكی ئیستئنافەكان-تێهەڵچونەوەكان) هەریەكە شارێكی بەدەستەوەیە ئیدارەی حاكمەكان دەكەن، حاكمێك دەبینرێت هاوڵاتی دەچەوسێنێتەوە و مامەڵەی ناشیرینە لەقەزیەكە تێناگات یاسای تێدا دەشكێنرێت ئەمڕۆ پێویستە فڵان كەس بگیرێت دەیگرن فڵان كەس بگیرێت نایگرن ئەمانە هەمووی دەبێت بزانرێت لەكوێ هەیە، وە ئێستاش لەم دۆخەی چوار پێنج ساڵەی دواییدا، دۆخی ئابوری دادوەر و داواكاری گشتی و ڵێكۆڵەر و ئەوانە دۆخێكی خراپە وە بەتایبەتی قەزای جەزائی چونكە هەر بەتەنها دادوەر نییە دادوەر و داواكاری گشتی و لێكۆڵەر و پۆلیسیش لەگەڵیدایەتی كەخەلەلێك دروست دەبێت لەكێشەیەكی جەزائیدا لەسەرەتاوە دەستپێدەكات كە لەلێكۆڵینەوەدا دەبێت بەڕێكوپێكی بڕوات بەڕێوە چونكە ئەو بینایەی كەبەخواری دیوارەكەی دروستكرا لەسەریشەوە هەر خوار دەبێتەوە و ڕێك نابێتەوە، بۆیە ئەم بابەتە بابەتی جەزائی و بابەتی دادپەروەری و ئەوانە پێویستە ببێتە ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وە چاكیش نابێت هەتا نەدرێتە دەست كەسی شیاوی خۆی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن