پوتین هۆشداری بە وڵاتانی رۆژئاوا دەدات

جیهان

19/02/2021     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین -

ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیان وادەی هەڵبژاردنی وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات و هۆشداریش بە ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا دەدات لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی رووسیا، راشیدەگەیەنێت: كاتی ئەوە هاتووە رۆژئاوا فێری راستگۆیی و كرانەوە بكەین.

پوتین لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەی حزبەكانی بەشدار لە پەرلەمانی رووسیا، كە لەرێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، رایگەیاند: لە پایزی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان (ئەنجومەنی دوما) بەڕێوەدەچێت، لەئێستاشەوە پێویستە لەسەر حزبە بەشداربووەكانی پەرلەمان لەسەر یەك بابەت رێكبكەون و یەكبگرن، ئەویش رێگریكردنە لە هەوڵە دەرەكییەكان بۆ نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری لە وڵاتدا.

سەرۆكی رووسیا هێرشێكی توندیشی كردە سەر ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاواو تۆمەتباریكردن بە هەوڵی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی رووسیاو راگرتنی پەخشی كەناڵەكانیان لەچەند وڵاتێكی ناوچەكە.

وتیشی:" پێویستە لەسەرمان پارێزگاری لە سەروەریی وڵاتەكەمان بكەین و كەشی سیاسییش نوێبكەینەوە، بۆئەوەی لەو رێگەیەوە گەشە بە چاكسازی و پێشكەوتن و پەرەپێدانی ژێرخانی رووسیا بدەین".

ڤلادیمێر پوتین راشیگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا چیتر ئەو سەرچاوانە نین كە فێری ئازادی و دیموكراسیمان بكەن، بەڵكو كاتی ئەوە هاتووە ئەوان فێری راستگۆیی و كرانەوە بكەین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن