به‌گوێره‌ی ئازاری سكت هۆكاره‌كه‌ی بزانه‌

تەندروستی

21/02/2021     ژمارەی بینراو 9667

به‌گوێره‌ی‌ جۆری سك ئێشه‌كه‌ت هۆكاره‌كه‌ی بزانه‌


ڕاچڵه‌كین-

سک ئێشە بە یەکێك لە نیشانە گرنگەکانی نەخۆشیەکانی ناو سک دەژمێردرێت، بە گوێرەی جۆر و رادەی نەخۆشیەکە، ئێشەکە ( ئازارەکە) دەکرێت هێواش بێت، مامناوەندی بێت یان توند بێت، ئێشەکە دەکرێت بەردەوام بێت یان ناوبەناو بیت، بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ سکئێشەدا، نیشانەکانی تری نەخۆشی ناو سک وەک رشانەوە، قەبزی و سکچون و ئەوانیتر دەردەکەون.

کۆئەندامی هەرس، کۆئەندامی میزەڕۆ، لە ژنانیشدا کۆئەندامی زاوزێ،لە ناوسکدان، هەر بەشێکی ئەو کۆئەندامانە دووچاری نەخۆشیی ببێت، نەخۆشەکە دووچاری سکئێشە دەبێت.

نمونەی چەند نەخۆشیەکی باو کە سکئێشە دروستدەکەن، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر فایه‌ق پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و کۆئەندامی ھەرس باسیكردوه‌.

1- هەوکردنی ریخۆڵە کوێرە،ئازاری ریخۆڵە کوێرە هێواش تا مامناوەندی و بەردەوامە، لە بەشی خوارەوەی لای راستی سکدا هەستی پیدەکریت ، لەگەڵ سکئێشەکەدا، نەخۆشەکە دڵی تیکدەچێت و حەزی بۆ خواردن نامێنێ، ئەگەر هەیە برشێتەوە.

2- نەخۆشی بەردی زراو، ئەگەر هەیە سکئێشەکە مامناوەند یبێت یان توند بیت، ناوبەناوبێت یان بەردەوام بێت، دڵتێکەلبون و رشانەوەی لەگەڵدایە، لەوانەیە پلەی گەرمی نەخۆشەکە بەرزببێتەوە، لەوانەیە دووچاری زەردویی ببێت،ئازارەکە لە سەردڵ و لای راستی سەرەوەی سک هەسستی پێدەکرێت.

3- کونبوونی دیواری دوانزەگرێ و گەدە، لەم کاتەدا نەخۆشەکە هەست بە ئازاریکی توند و کتوپڕ دەکات، ئازارەکە هەموو سسکی دەگرێتەوە، ماسولکەکانی سکی توند و رەق دەبن، ئەم نەخۆشانە لەوانەیە پێشتر نەخۆشی قورحەیان بووبێت یان دەرمانی پێشتئێشەیان بە برێکی زۆر خواردبێت.سکئێشەکە هێندە گرانە بە زووتری کات نەخۆشەکە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەکرێت و لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت.

4- هەوکردنی پەنکریاس، لە هەوکردنی کتوپڕی پەنکریاسدا، نەخۆشەکە هەست بە ئازارێکی کتوپڕی توندی بەشەوەی سەرەوەی سکی و پشتی دەکات، لەگەڵ ئازارەکەدا نەخۆشەکە دووچاری رشانەوە دەبێت و هیچی پێناخورێت.سکئێشەکە هێندە قورسە، نەخۆشەکە دەبرێت بۆ نەخۆشخانە و دەخەوێنرێت.

5- ریخۆڵە گیران، لە نەخۆشی ریخۆلەگیراندا نەخۆشەکە هەست بە ئازاری ناوەراستی سکی دەکات، ئازارەکەی مامناوەند و توندە،ئازارەکە پچڕپچڕە، دیت و دەروات، لەگەڵ ئازارەکەدا نەخۆشەکە دەرشێته‌وە، قەبز دەبیت و سکی هەڵدەئاوسیێت.لەم حاڵەتەشدا نەخۆشەکە دەبرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی نەشتەرگەری و لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت.

6- نەخۆشی بەردی گورچیلە و بۆریەکانی میز و میزڵدان، نەخۆش هەست بە ئازاریکی توند دەکات، سکئێشەکە بەردەوامە یان پچڕپچڕە، زۆربەی کات رەنگی میزی نەخۆشەکە دەگۆڕیت و دووچاری میزی خوێناوی دەبێت، لە کاتی میزکردندا نەخۆش هەست با ئازار و سووتانەوەی میز دەکات، لە کەلەکەکانیدا و بەشی دەرەوەی سکیدا هەست بە ئازار دەکات.

7-لە نەخۆشیەکانی کۆئەندامی زاوزیدا، جۆری سکئێشە بە گویرەی جۆری نەخۆشیەکە ،سکئێشەکە هێواش تا مامناوەند و توند دەبێت،زۆربەی کات سکئێشەکە بەردەوامە، نەخۆشەکە لە بەشی خوارەوەی سکیدا هەست بە ئازارێک دەکات، زۆربەی کات نەخۆشەکە لە تەمەنی منداڵهێناندایە، لەوانەیە لە دامێنەوە خوێن دابنێت.

ئەو کەسانەی کە دووچاری سکئێشە دەبن،دەبێت سەردانی پزیشک بکەن ،پشکنینی خوێن و میز و پیسایی و سۆنەر و تیشکیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی نەخۆشیەکانیان و رێژەی نەخۆشیەکەیان دەستنیشان بکریت.

ئەو کەسانەی دووچاری سکئێشە دەبن، دەبیت سەردانی پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەری گشتی و نەشتەرگەری نەخۆشییەکانی ناو سک بکەن، لەبەر ئەوەی زۆربەی نەخۆشیەکانی ناوسک بە نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن