چەندین منداڵ لەعیراق بەهۆی كۆرۆنای گۆڕاو گیانیان لەدەستداوە

عێراق

22/02/2021     ژمارەی بینراو 268

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاشكرای دەكات، جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لەوەی پێشووتر مەترسیدارترەو، تائێستا بەهۆیەوە چەندین منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

هەیسەم عوبێدی- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاندووە:" لەماوەی دوو رۆژی رابردوو چەندین منداڵ و لەقۆناغە جیاوازەكانی تەمەنیاندا كە گەیشتووەتە كەمتر لەساڵێك، بەهۆی تووشبوونیان بە كۆرۆنای گۆڕاو گیانیان لەدەستداوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی ئەوەی سییەكانی منداڵان ناسكن، بەرگەی بەهێزی ڤایرۆسەكە ناگرن و لەحاڵەتی تووشبوونیان ڤایرۆسەكە بەتوندی هێرش دەكاتە سەر سییەكانیان و تێكی دەشكێنێت.

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی تەندروستی عیراق بەفەرمی تۆماركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاوی لەچەند پارێزگایەك راگەیاند، لەهەمان كاتدا چەندین رێ و شوێنی توندی بۆ رێگریكردن لەتەشەنەسەندنی زیاتر ڤایرۆسەكە گرتەبەر.

دوێنێ یەكشەممەش، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركردنی پێنج حاڵەتی كۆرۆنای گۆڕاوی لەهەولێر راگەیاند، هاوكات باس لەچەندین حاڵەتی گوماناوی تر دەكرێت لەچەند ناوچەیەكی تری هەرێم، بەڵام تائێستا هیچ رێوشوێنێك لەلایەن حكومەتی هەرێم و بەدیاریكراوی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ رێگریكردن و خۆپارێزی لەڤایرۆسەكە نەگیراوەتەبەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن