وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مووچەوە داوایەك ئاراستەی ئەمریكا دەكات

کوردستان

23/02/2021     ژمارەی بینراو 802

راچڵەكین –

وەزیری پێشمەرگە داوا دەكات مووچەو شایستە داراییەكانی ئەمریكا، تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە بەبێ جیاوازی بگرێتەوە.
 
ئەم داوایەی شۆڕش ئیسماعیل، لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو شاندێكی باڵای راوێژكارانی سەربازی ئەمریكا هات، بە سەرۆكایەتی كۆلۆنێل ڤۆرهیس، بەرپرسی نوسینگەی هەماهەنگی ئەمنی لە عیراق و كۆلۆنێل جولیات بەرپرسی نوسینگەی هەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەری، كە ئەمڕۆ 23-2-2021 لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، لەكۆبوونەوەیەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر دوایین پێشهات و مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش لە ‌عیراق و ناوچەكە، شاندی باڵای سەربازی ئەمریكا ئاشكرایانكرد، لەئێستادا مەترسییەكانی داعش و گروپە تیرۆریستییەكانی تر لە فراوانبووندایە، كە دەخوازێت بەزوویی رێگریان لێبكرێت.

شۆڕش ئیسماعیل بە شاندەكەی ئەمریكای راگەیاند، چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی مەترسییەكانی داعش داوە، كە ئێستا بە تاكتیك و شێوازی تر كردەوە تیرۆریستییەكان ئەنجامدەدەن، وتیشی: هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان جێی ستایش و بایەخی زۆری ئێمەیە بۆ رووبەڕوبونەوەی مەترسییەكانی تیرۆریستان لە ئێستا و ئایندەدا.

لەبارەی هاوكارییەكانی ئەمریكا و مووچەی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەش، وەزیری پێشمەرگە داوایكرد مووچە و شایستە داراییەكانی ئەمریكا، سەرجەم هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگرێتەوە، بەجۆرێك رەچاوی یەكسانی و دادپەروەری لە دابەشكردنی مووچەدا هەبێت بۆ سەرجەم هێزەكان بەبێ جیاوازی.
 
لە بەرامبەردا، كۆڵونێڵ ڤۆڕهێس بەڵینیدا بەزوویی كار بەو داوایە بكەن و دوای دیراسەكردنی خۆیان، دەرئەنجامەكەی بەوەزارەتی پێشمەرگە دەگەیننەوە، وتیشی:" لەخەمی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە تێدەگەین و بە‌جددی كار بۆ باشكردنیان دەكەین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن