وەزیری تەندروستی رێنمایی نوێ لەبارەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەدات

کوردستان

23/02/2021     ژمارەی بینراو 356

راچڵەكین –

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم، رایدەگەیەنێت، حالەتەكانی ئێستای كۆڕۆنا، زۆربەیان زنجیرەی نوێی ڤایرۆسەكەن و بازدانی بەسەردا هاتووە، دەشڵێت: پێویستە نەخۆش لە قۆناغی سەرەتاییدا پزیشكی چارەسەر ببینێت و كەسوكارو نزیكەكانیشی خۆیان كەرەنتین بكەن.

د. سامان بەرزنجی، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: حالەتەكانی ئێستای كۆڕۆنا زۆربەیان زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنان، كە بازدان بەسەر ڤایرۆسەكە هاتووە.

سەبارەت بە چارەسەرییەكانیش، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەكردووە، هەمان ڕێكارەكانی چارەسەركردنە بۆ نەخۆشانی تووشبوو، پێویستە نەخۆش لە قۆناغی سەرەتاییدا پزیشكی چارەسەر ببینێت نەوەك خۆی دوابخات.

وەزیری تەندروستی رێنمایی هاووڵاتیانیش دەكات كە ڤایرۆسی نوێ پێویستی بە خۆپارێزیی زیاترە بۆ ڕێگەگرتن لە خێرا بڵاوبوونەوەی، داواشی لە كەسوكار و نزیكانی تووشبووی كۆڕۆنا كردووە، پێویستە پشكنینی تاقیگە بكەن و خۆیان كەرەنتین بكەن، تا كەسانی تر تووش نەكەن.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 129 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا تۆماركراوە، كە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە لە پارێزگای هەولێر بووە، هاوكات دوو تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، كە هەردووكیان دانیشتووی پارێزگای دهۆكن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن