سوپای ئەرمینیا داوا لە سەرۆك وەزیران دەكات دەستلەكار بكێشێتەوە

جیهان

25/02/2021     ژمارەی بینراو 164

راچڵەكین –

سوپای ئەرمینیا داوای لە نیكۆڵ پاشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كرد دەستلەكار بكێشێتەوە، ئەویش داواكەی رەتكردەوەو سوپاسالاری وڵاتەكەی لەپۆستەكەی لابرد، داواشی لە لایەنگرەكانی كرد لەدژی سوپا پشتیوانی لێبكەن.

دوای ئەوەی سوپای ئەرمینیا داوای لە نیكۆڵ پاشینیان كرد بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەست لە پۆستی سەرۆك وەزیران بكێشێتەوەو وڵات لە ئەگەری روودانی شەڕی ناوخۆیی بپارێزێت، سەرۆك وەزیران لەكاردانەوەی ئەو داوایەی سوپا، بڕیاریدا ئونیك گاسپاریان سوپاسالاری ئەرمینیا لە پۆستەكەی دووربخاتەوە.

سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا لە پەیتامێكیشدا كە لە رێگای تۆڕی كۆمەڵایەتی فەسیبووكەوە بڵاویكردەوە، داوای لە لایەنگرەكانی كرد لەدژی ئەو داوایەی سوپا، پشتیوانی لێبكەن و رێگە نەدەن كودەتای سەربازی لە وڵات ئەنجام بدرێت.

نیكۆڵ پاشینیان لە پەیامەكەیدا رایگەیاندووە، لەئێستادا گرنگترین خاڵ پاراستنی هێزی مەدەنییە لەلایەن گەل و بەرگرتن لە روودانی كودەتای سەربازی.

لەدوای كۆتایی هاتنی شەڕی سەربازی لەنێوان سوپای ئەرمینیاو ئازەربایجان لە هەرێمی ناگۆرنۆ كاراباخ، كە ئەنجامەكەی بە لەدەستدانی بەشێك لە هەرێمەكە لە بەرژەوەندی سوپای ئازەربایجان كۆتایی هات، خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە ئەرمینیا بەرپابوو، خۆپیشاندەران ئۆباڵی ئەو شكستەیان خستە ئەستۆی سەرۆك وەزیران و داواش دەكەن دەستلەكاربكێشێتەوە.

لەكاردانەوەی ئەو رووداوەش، ژمارەیەك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای ئەرمینیا لە راگەیەندراوێكدا، داوایان لە  نیكۆڵ پاشینیان كرد، لەپێناو تێكنەچوونی دۆخی ناوخۆیی وڵات، مل بۆ داواكانی خۆپیشاندەران كەچ بكات و بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن