دژەتیرۆر لەبارەی دەستگیركردنی تیرۆریستێكی داعش لە هەولێر روونكردنەوە دەدات

کوردستان

26/02/2021     ژمارەی بینراو 303

راچڵەكین –

دژەتیرۆری كوردستان لەبارەی دەستگیركردنی تیرۆریستێكی داعش لەشاری هەولێر، وەڵامی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق دەداتەوەو رایدەگەینێت، تیرۆریستەكە لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆرەوە دەستگیركراوەو رادەستی بەغدا كراوەتەوە.
 
بەگوێرەی روونكردنەوەكەی دژەتیرۆر، ئەو تیرۆریستە عەرەبە رۆژی 9-12-2020 لەهەولێر دەستگیركراوەو رۆژی 24-2-2021 لەسەر بڕیاری دادوەر، راجدەستی بەغدا كرایەوە.

دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری كوردستانەوە

لەم رۆژانەدا هەواڵێك لە راگەیاندنەكانەوە بڵاوكراویەوە كە گوایە دەزگا ئەمنییەكانی حكوومەتی عێراق، تیرۆریستێكی داعشیان لە پارێزگای هەولێر دەستگیر كردووە كە دوورە لە راستی.

لێرەدا بە پێویستی دەزانین راستیی رووداوەكە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق روون بكەینەوە: 

لە رێكەوتی 9/ 12/ 2020، لە ئۆپەراسیۆنێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەماندا لە ناو شاری هەولێر، ئەندامێكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەناوی (بەشار موستەفا حافز عەدوان ئەلعوەیسی) دەستگیر كرا، كە چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە سنووری شاری بەغدا ئەنجام دابوو. 

لەبەر ئەوەی ئەم تیرۆریستە لە سنووری پارێزگای بەغدا كردەوە تیرۆریستییەكانی كردبوو، هەروەها لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی شاری بەغداوە بە فەرمی داوامان لێ كرابوو كە رادەستیان بكەینەوە، بۆیە دوای ئەوەی لە 24/ 02/ 2021 فەرمانی دادوەرمان بەدەست گەیشت، تیرۆریستەكەمان رادەستی هێزەكانی بەغدا كردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری كوردستان
2021/2/26


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن