ئازاد محەمەد ئەمین: حكومەتی هەرێم متمانەی بەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نییە

کوردستان

03/03/2021     ژمارەی بینراو 592

راچڵەكین-

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، حكومەتی هەرێم بەو نووسراوانەی ئاڕاستەی ئەنجوومەنەكەی  بێمتمانەیی خۆی نیشاندەدات بەرامبەر دامەزراوەكان بە تایبەت بەرامبەر بە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. 

 ئازاد محەمەد ئەمین- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند:"نوسینگەی راساندنی سلێمانی هەندێك بڕیاری بە نوسراو لە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان پێگەیشتوە، داوایان كردوە بۆ راساندنی هەمو ئەو نوسراو و بەڵگانەی كە پەیوەندی بە ئەنجومەنی پارێزگا و ژووری بازرگانی سلێمانی و لایەنەكانی دیكەوە هەیە بگەڕێینەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، دەسەڵاتیان لێوەرگرتوینەتەوە كە جێگەی سەرسوڕمانە،  ئێمە تەواوی ئەو بابەتە رەتدەكەینەوە كە دژی لامەركەزیه".

ئاماژەی بەوەشكردوە:" ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هەولێر یەك یاسایان هەیە و یەك دەسەڵاتیان هەیە و دەسەڵاتی هیچ یەكێكیان لە ئەنجومەنەكەی تر زۆرترنیە، بەڵام فەرمانگەی پەیوەندیەكانی لەو نوسراوەدا دەڵێت، "ئەو نوسراوانەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راساندنی بۆ دەكرێت، دەبێت بچێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو لەوێ جارێكی تر راساندنی بۆ بكرێت، پاشان باوەڕی پێدەكرێت، ئێمە ئەوە رەتیدەكەینەوە و قبوڵی ناكەین".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشكرد، ئەو نوسراوە بێمتمانەیی حكومەت و دامەزراوەكانە بە تایبەت بەرامبەر بە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، "تەنانەت لە نوسراوەكەدا هاتوە، ئەگەر ژوری بازرگانی سلێمانی راساندن بكات بۆ كردنەوەی وەكالەتێك، دەبێت جارێكی تر بچێتەوە بۆ ژوری بازرگانی هەولێر و جارێكی تر راساندنی بۆ بكرێت".

ئازاد محەمەد ئەمین ئەوەشی خستەڕو، دڵنیایی هەمو لایەك دەكەنەوە كە ئەو نوسراوانە دژی لامەركەزیەتی كارگێڕی دارایییەوە و وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تەواوی ئەو بابەتە رەتدەكەنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن