ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرا دەكرێت

عێراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 826

راچڵەكین -

كۆبوونەوەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەشاری بەغدا كۆتایی هات و بەبێ باسكردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، گفتوگۆیان لەبارەی چەند بابەتێكی ناوخۆیی و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران كرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 14-7-2025، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە نوسینگەی تایبەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عیراق لەشاری بەغدا، كۆبوونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بەڕێوەچوو، پەرەسەندنەكانی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی و دۆسیە نیشتمانییە جێ بایەخەكان، تاووتوێ كران.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە جەختیانكردەوە لەسەر گرنگیی یەكخستنی ریزەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان و پتەوكردنی بڕیاری عیراقی بەشێویەك كە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتدا بێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران كرا، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە گرنگیی دەستەبەركردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ پرۆسەكە و بەهێزكردنی ئاسایشی هەڵبژاردن كرایەوە، بەشێوەیەك كە هاووڵاتیان هان بدات بۆ بەشداریكردن لە دەنگدان، بۆئەوەی خواستی جەماوەریی ئازادانە و جێگیركردنی رێڕەوی دیموكراسی لە وڵاتدا بەرجەستە بكات.

بەشداربووانی كۆبوونەوەكە داواشیان كرد پەلە بكرێت لە پەسەندكردنی ئەو یاسایانە لەناو پەرلەمان كە پەیوەندیدارن بە بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان و سەقامگیریی وڵات.

لە كۆبوونەوەكە بەهیچ شێوەیەك پرسی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان باتس نەكرا و هیچ بڕیارێكی لەبارەوە نەدرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن