راچڵەكین-
لە رۆژی جیھانی شانۆدا، ھونەرمەندێكی شانۆكاری شاری كەركووك لەنێو زبڵدانی گەڕەكی شۆرجە شانۆیی شارەكەم-ی نمایش كرد.
ئەمڕۆ شەممە، زانیار جومعە كەھونەرمەندێكی كومێدی شاری كەركووك، شانۆگەریەكی لەنێو یەكێك لە زبڵدانەكانی شارەكە نمایش كرد.
دەقی شانۆگەرییەكە باس لەكێشە و گرفتەكانی بەردەم ھونەرمەندانی شاری كەركووك بەتایبەت شانۆكاران دەكات و كێشەی كەڵەكەبوونی زبڵ و خۆڵ و خاشاكیشی وەك سەرچاوەی دەقی شانۆكە ھەڵبژارد و لەنێو یەكێك لە زبڵدانەكانی شارەكە نمایشكرا.
ھونەرمەند زانیار جومعە لەسەر نمایشی شانۆگەریەكەی رایگەیاند: "ئیدارەی ئەم شارە ھیچ كات گرنگییان بەھونەری شانۆ نەداوە و بەلایانەوە گرنگ نەبووە، ھەربۆیە ھیچ ھۆڵێكی شانۆ لە شاری كەركووكدا نییە و ئەوەشی ھەبوو، بینای سەنتەری رۆشنبیریی كەركووكە كە ماوەی چەند مانگێكە بەھۆی كێشەی سیاسییەوە داخراوە."
لەسەر ھەڵبژاردنی زبڵدانێك بۆ نمایشی شانۆگەریەكەی، زانیار جومعە وتی: "كۆبوونەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاك، ئەم شارەی تەنیوە و كەس گرنگی بەپاككردنەوەی شارەكە نادات ئەمەیش لەكاتێكدایە ھەفتانە سێ رۆژ قەدەغەی ھاتوچۆیان راگەیاندووە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بیریان چووە كە ئەم خۆڵ و پیسیەی ناوشار ھۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا."
ھونەرمەند زانیار جومعە لەدایكبووی ساڵی ١٩٧٣ شاری كەركووكە و ماوەی ٢٥ ساڵە سەرقاڵی ھونەری شانۆیە و خاوەنی چەندین دراما و شانۆگەریە.