نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری لوی دڕكه‌ په‌تك

تەندروستی

30/03/2021     ژمارەی بینراو 2369

نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری لوی دڕكه‌ په‌تك


ڕاچڵه‌كین-

لوی دڕکە پەتک بریتییە لە گەشەکردنێک کە دروست ئەبێت لەناو کەناڵی دڕکە پەتک یاخود لەناو ئێسکەکانی بڕبرەی پشتدا . لەوانەیە شێرپەنجەیی یاخود ناشێرپەنجەیی بێت، هۆکارەکەی زۆرجار نەزانراوە، بەلام جۆری ناشێرپەنجەیی لەوانەیە زگماکی یا بۆماوەیی بێت، دكتۆر نه‌وژین پزیشكی پسپۆڕی مَشك و ده‌مار زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌م بابه‌ته‌دا ده‌خاته‌ ڕوو.

لووی دڕکە پەتک دوو جۆری سەرەکیە کە کارئەکەنە سەر دڕکە پەتک، یان لەناو خانەکانی دڕکە پەتک خۆیەوە دروست ئەبێت ، یاخود لە دەرەوەی دڕکە پەتکە و لە خانە پاڵپشتیەکانی خانەکانی دڕکە پەتکدا دروست ئەبێت.

هەندێک جار لووی دڕکە پەتک ئەکرێ لە هەر شوێنێکی جەستەوە دروست ببێت و بێت بەرەو دڕکە پەتک بۆ نمونە لە سییەکان و مەمکدا کاتێک شێرپەنجەکە بڵاوئەبێتەوە و دێت بەرەو دڕکە پەتک و لەوێدا گەشە ئەکەن.

نیشانەکانی لوی دڕکە پەتک کاتێک دەرئەکەون کە لووەکە گەورە بوبێت و پەستان بخاتە سەر دڕکە پەتک ، لە نیشانەکانی وەکو ئازاری پشت و لاوازبونی ماسولکەکان لە ماوەیەکی کورتدا خراپتر ئەبن ، لە کۆتایی پەلەکان و سەری پەنجەکان هەست بە سڕی ئەکرێت ، کۆنتڕۆڵی جوڵەی ماسولکەکانی ڕێکە و میزەڵدان کەم ئەبێتەوە و کۆنتڕۆل ناکرێن، هەتا زوو دەست نیشان بکرێت چارەسەرەکەی ئاسانترە.


نیشانەکانی لووی دڕکەپەتک لە نیشانەکانی کێشەکانی تری دڕکەپەتک ئەچن لەبەرئەوە دەستنیشانکردنێکی وورد گرنگە ، ئەگەر گومانی لوی دڕکەپەتک کرا پزیشک چەند پشکنینێکیتر بەکارئەهێنێت وەکو ئێکس-ڕەی و سی ستی سکان و MRI

مەترسی ئەم حاڵەتە ئەوەیە ئەگەر درەنگ دەستنیشان بکرێت چونکە زیانی زۆر ئەدات لە دڕکە پەتک ، بۆیە لەگەڵ دەستنیشانکردن وا پێویست ئەکات چارەسەر هەتا زووە دەستپێبکرێت .

 چارەسەری لوی دڕکە پەتک: دەرمانە ستیرۆیدەکانی وەکو دێکسامێسازۆن بەکاردێت بۆ کەم کردنەوەی ئاوسانی دڕکەپەتک، ئەگەر لووەکە لە دەرەوەی دڕکە پەتک بو ئەتوانرێت بە سەرکەوتویی بە نەشتەرگەری لاببرێت، یاخود ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێژەیی لاببڕێت بۆ زیان نەگەیاندن بە دڕکە پەتک.

 هەندێک جار چارەسەر بە تیشک پێویست ئەکات ، چارەسەری سروشتیش دوای نەشتەرگەری و چارەسەر بە تیشک پێویست ئەبێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن