حەوت كەس دوای وەرگرتنی پێكوتەی ئەسترازێنیكا گیانیان لەدەستدا

جیهان

03/04/2021     ژمارەی بینراو 1401

راچڵەكین-

ئاژانسی دەرمان و تەندروستیی بەریتانیا رایگەیاند: 30 کەس دوای کوتانیان بە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا تووشی مەیینی خوێن بوون و 7 کەسیان گیانیان لەدەستدا.

پێشتر لایەنە تەندروستییەکان هۆشدارییان دابوو لە بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینە و بەکارهێنانی لە زیاتر لە 10 وڵات هەڵپەسێردرا. گومانەکان لە نەمسا دەستیانپێکرد. دوو لەو کەسانەی کە ڤاکسینیە بەریتانییە سوێدییەکەیان وەرگرتبوو، تووشی کڵۆبوونی خوێن بوون، کە یەکێکیان گیانی لەدەستدا. ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت بەهۆی ڤاکسینەکەوە بووە، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بەکارهێنانی ڤاکسینەکە رابگرێت. 
 
بەڵام رۆژی 18ی ئادار، ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا رایگەیاند، ڤاکسینی ئەسترازێنیکا سەلامەت و کاریگەرە. دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەی لیژنەیەکی سەر بە ئاژانسە ئەوروپییەکە لەسەر ڤاکسینی ئەسترازێنیکا، ئێمەر کووک، بەڕێوەبەری ئەو ئاژانسە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لیژنەکە بە ئەنجامێکی زانستیی روون گەیشتووە و دەڵێت، ئەمە ڤاکسینێکی سەلامەت و کاریگەرە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن