داوای لێپچینەوە لە تێوەگلاوانی رووداوەكەی بەندەری بەیروت دەكرێت

جیهان

05/04/2021     ژمارەی بینراو 162

راچڵەكین-

دەیان كەس لە كەسوكاری قوربانیانی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا بەبۆنەی تێپەڕینی هەشت مانگ بەسەر كارەساتەكە، لەهەمان كاتدا داوای ئاشكراكردنی راستی رووداوەكە و لێپێچینەوە لەو كەسانە دەكەن كە لە تەقینەوەكە تێوەگلاون.

رۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٠دا، تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری بەیروت روویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ كەس كوژران و زیاتر لە شەش هەزاری دیكە برینداربوون، هاوكات زیانێكی زۆری ماددیی بە ژێرخان و یەكەكانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان و دامەزراوە بازرگانییەكان گەیشت.

رۆژی یەكشەممە، ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانیان لەبەردەم یەكێك لە دەروازەكانی بەندەری بەیروت گردبوونەوە و وێنەی كەسوكاریان بەرزكردبوویەوە كە لەو رووداوەدا ببوونە قوربانی.

هاوكات لەو دروشمانەی كە بەرزیان كردبوویەوە، داوای لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیریان دەكرد لە رووداوەكە لەگەڵ لێپێچینەوە و بەسزا گەیاندنی ئەو كەسانەی لەو رووداوەدا تێوەگلاون.

بەپێی زانیارییە فەرمییەكان، ئەو تەقینەوەیەی لە بەندەری بەیروت روویدا كە بەهۆی بوونی نزیكەی دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە بوو كە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەستی بەسەرداگیرابوو، و كۆگاكرابوو.

كەسوكاری قوربانییەكان بەڵینی ئەوەشیاندا كە ئەگەر بەرپرسیانی ئەو رووداوە ئاشكرا نەكرێن و بەسزا نەگەیەندرێن، ئەو ناڕەزایەتییەكانیان فراوانتر دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن