داوا لەهاوڵاتیانی عیراق و هەرێم دەكرێت بەمشێوەیە خۆیان لەزیانەكانی پەڵە گۆگردەكە بپارێزن

عێراق

05/04/2021     ژمارەی بینراو 1354

راچڵەكین-

فەرمانگەی هۆشیاری‌ و ڕاگەیاندنی ژینگەیی سەر بەوەزارەتی تەندروستی عیراق داوا لەهاوڵاتیان دەكات دەمامك ببەستن، هاوكات دەرگاو پەنجەرەی ماڵەكانیان دابخەن بۆ خۆپارێزی لەكاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو پەڵە گۆگردەی كە روو لەئاسمانی عیراق دەكات.

فەرمانگەكە داوا لەهاوڵاتیانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات، چاوەڕێ دەكرێت لە 24 كاتژمێری داهاتوودا ئەو پەڵە گۆگردە روو لەعیراق و چەند وڵاتێكی ناوچەكە بكات، ئەوەش وا دەخوازێت هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن لەكاریگەرییە نەرێنییەكانی و جگە لە بەستنی دەمامك و داخستنی دەرگاو پەنجەرەی ماڵەكانیان، بەهەمان شێوە تانكی ئاوەكانیان لەسەربان دابپۆشن و زیاتر هۆكارە فێنككەرەوەكان بەكاربهێنن.

فەرمانگەی هۆشیاری‌ و ڕاگەیاندنی ژینگەیی سەر بەوەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ ئەوەی پێویستە هاوڵاتیان رێكارەكانی خۆپارێزی بگرنە بەر، لەهەمان كاتدا دۆخەكە بەو شێوەیە نییە كە هاوڵاتیان دۆخی دەروونی خۆیان تێكبدەن و خۆیان بترسێنن.

بەگوێرەی زانیاری پسپۆڕانی كەشناسی عیراقی بێت، ئەو شەپۆلە گۆگردەی روو لەناوچەكە دەكات، دەرئەنجامی گركانی چیای  ( ئیتنا)یە لەدوورگەی سەقڵیە لەئیتاڵیا كەماوەی چەند رۆژێكە بەردەوامی هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن