قوباد تاڵەبانی: بودجەی عیراق بەهەوڵی هەموو لایەك تێپەڕێندرا

کوردستان

07/04/2021     ژمارەی بینراو 180

راچڵەكین –

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، تێپەڕاندنی یاسای بودجەی 2021ی عیراق، بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك بووە، كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیاش ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستان و شاندی دانوستاندنكاری هەرێم دەكات لە هەوڵەكانیان بۆ تێپەڕاندنی یاساكە.

ئەمڕۆ 7-4-2021، قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ جەیمس سۆرنتۆن، كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە لە  ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، لە دیدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە دوای پەسندكردنی یاسای بودجەی 2021ی عیراق تاوتوێكرا.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند، تێپەڕاندنی یاسای بودجە بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك بووە، ئەزموونێكی باشیش بوو بۆ ئەوەی لەمەودوا هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە رێگەی دانوستاندن و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكەین.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكردووە، لەدوای پەسندكردنی بودجە، ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی ناوە لە ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجە، بەمەش دەستكراوەتر دەبن لە هەنگاونان بەرەو چاكسازی زیاتر و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئابووری و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان.
 
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستان و شاندی دانوستاندنكاری هەرێمی كرد لە هەوڵەكانیان بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجەی عیراق، هیواشی خواستووە بۆ لەمەودوا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەوپێشچوونی باشتر بەخۆیەوە ببینێت.
 
جەیمس سۆرنتۆن دەستخۆشی لە رۆڵی قوباد تاڵەبانی كرد لە پرۆژەی خزمەت و كەمكردنەوەی رۆتین لە دامودەزگاكانی حكومەت، لە بەرامبەردا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد كە یەكێك لە ئەولەوییەتەكانی حكومەت، كەمكردنەوەی رۆتین و ئاسانكاریكردنە بۆ هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی خێراتر دەستیان بەخزمەتگوزارییەكان بگات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن