چۆن ماڵەکانمان له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا پاك بكه‌ینه‌وه‌؟

تەندروستی

07/04/2021     ژمارەی بینراو 196

چۆن ماڵەکانمان له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا پاك بكه‌ینه‌وه‌؟

ڕاچڵه‌كین-

پاک کردنەوەی کەل و پەلی ناوماڵ بە خاڵێکی سەرەکیی پابەندبوون بە ڕێنمایی دادەندرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرەسی کۆڕۆنا و نەخۆشیی کۆڤید-١٩. لەپاڵ دەست شووشتنی بەردەوام بە ئاو و سابوون (ڕەق یان شل بێت) بەجۆرێک ھەرجارە بەلایەنی کەم بیست چرکە دەست بشۆرێت، پاککردنەوە و تەعقیم کردنی کەل و پەلی ناوماڵیش گرنگییەکی زۆری ھەیە.
چۆن بکرێت؟! دكتۆر زانا پسپۆڕی ھەناو له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

باشتریین پێکھاتەی پاککەرەوەی کیمیایی بریتییە لە ماددەی فاس (فاست) کە بە ئینگلیزیی (Home Bleach)ە، بە جۆرێک دەبێت کە فاس نابێت لەگەڵ ھیچ ماددەیەکی کیمیایی تر تێکەڵ بکرێت وەک دیتۆل و زاھیی و تایت و موعجیزە، چونکە ژەھراویی بوون ڕوودەدات و لەوانەیە ببێتە ھۆی ژەھراویی بوونی کەسەکە و تەنانەت گیان لەدەستدانیش. کەواتە:

1-دەبێت فاس بەتەنیا بەکاربێت
2-کەسی پاککەرەوە دەبێت دەستکێش و ماسک ببەستێت چونکە فاس ماددەیەکی سوتێنەرە ھەم بۆ پێست و ھەم ڕێڕەوی ھەناسە، ئەگەر چاویلکەی خۆپارێزیی ھەبێت، باشترە بەکاربێت.
3-بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی کۆڤید لە ماڵەکانیان ھەیە، گیراوەکە بەم جۆرە دەگیرێتەوە: دوو پەرداخ (گڵاس) فاس لەگەڵ ھەشت لیتر ئاوی بەلوعە تێکەڵ دەکرێت و پاشان دەخرێتە ناو دەببەیەکی سپرەی وەک سپرەی موعجیزە، دەرگاو پەنجەرەو مێز و کورسی و پەردە و قەنەفە دەپرژێنێت و بۆ ماوەی ٣ بۆ ٥ خولەک دەھێڵیتەوە پاشان بە پەڕۆیەکی خاوێن دەیسڕیتەوە، بەھەمان پێکھاتە دەبێ توالێت و مەغسەل و مەتبەخ پاک بکرێتەوە.
4-بۆ ئەو ماڵانەی کە نەخۆشی کۆڕۆنا لەماڵەکانیان نییە، ھەمان کردار دووبارەدەکرێتەوە بەڵام دوو پەرداخ فاس لەگەڵ ١٦ لیتر ئاوی بەلوعە تێکەڵ دەکرێت.
5-مەرج نییە ئاوەکە گەرم بکرێتەوە
6-پێویستە ھەواگۆڕکێی ژوورەکە باش بێت بەجۆرێک دەبێت کە لەکاتی پاککردنەوە دەرگا و پەنجەرەکان ھەمووی بکرێنەوە.
7-ئەوانەی ھەستیاریی (حەساسیە) یان ھەیە بە فاس یان ئەوانەی ڕەبۆ و حەساسیەی درێژخایەنی قوڕگ و لووتیان ھەیە، یان منداڵ و بەتەمەنەکان، باشترە لە شوێنی پاککردنەوە دووربخرێنەوە بەلایەنی کەم بۆ ماوەی سەعاتێک دوای تەواوبوونی خاوێن کردنەوەکە.
8-ڕۆژانە تەنھا جارێک ئەم خاوێنکردنەوە دەکرێت، پێویست ناکات لە یەک جار زیاتر بکرێت.
خودا ھەموو لایەک لە نەخۆشیی بپارێزێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن