ڕۆژوو چه‌ند نه‌خۆشییه‌ك ده‌وروژێنێت

تەندروستی

07/04/2021     ژمارەی بینراو 387

ڕۆژوو چه‌ند نه‌خۆشییه‌ك ده‌وروژێنێت

ڕاچڵه‌كین-

مانگی ڕه‌مه‌زان ته‌نها چه‌ند ڕۆژێكی ماوه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت له‌م مانگه‌دا به‌ڕۆژوو ببن زۆر گرنگه‌ زانیاری ته‌واویان له‌سه‌ر سوود و زیانه‌كانی ڕۆژوو هه‌بێت له‌سه‌ر ته‌ندروستیان، دكتۆر زانیار پزیشکی پسپۆڕی هەناوی له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی‌ خستۆته‌ ڕوو كه‌ به‌هۆی ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان زیاتر ده‌وروژێت.

١- شەقیقە: نەخۆشی شەقیقە (لاسەر ئێشە) نەخۆشییەکی زۆر زۆر باوە و لەناو ئێمەی کورددا زۆرە.ئەم نەخۆشییە بەتایبەتی لە ئافرەتاندا زۆرە لە تەمەنی گەنجیدا. حاڵەتەکە خۆی ترسناک نییە،بەڵام زۆر بێزار کەرە. یەکێک لەو شتانەی شەقیقە خراپ دەکات، برسێتی،ژەمی قورس بەسەر یەکەوە،کەم خەوی یان زۆر خەوی،سترێس و فشاری دەرووونی،ئەمانە هەمووی لە ڕەمەزاندا هەن.بۆیە ئەستەمە ڕەمەزانێک تێ پەڕێت و نەخۆشی شەقیقە لە فریاکەوتنەکان نەبینین.

چارەسەر: دەتوانن بەڕۆژوو ببن هەتا ئەو ئاستەی تەحەمول دەکەن،گەر نا دەرمان هەیە،گەر هەر بەوەشەوە نەیتوانی باشترە ڕۆژووی ڕۆژ نا ڕۆژێک یان کەمتر بگرێت.

٢- کۆڵۆن: ئەمیش زۆرباوە و وەکو قسەیەکی خۆمانە هەیە کە دەلێن (کورد هەمووی کۆڵۆنی هەیە). کۆڵۆنیش نەخۆشییەکی مەترسیدار نییە بەڵام بێزار کەرە.کۆڵۆن عادەتەن بە گۆڕانی ژەمەکان و سترێس و  زۆرخۆری و ووشک بوونەوە تێک دەچن.ئەمانەش لە ڕەمەزاندا زۆرە.
چارەسەر: دەتوانن بەڕۆژوو ببن، دەرمانی نوێ  وباشیش هەن.گەر بێت و کۆڵۆنەکە ووروژا و بوو بە سکچوون باشترە ئەو یەک دوو ڕۆژە بەڕۆژوو نەبن.

٣- لەرز و تا: لەرز و تا بەهۆی پەتاوە وەکو کۆرۆنا یان ئینفلوێنزا یان هەر هەوکردنێکی دیکە،نابێت بەڕۆژوو ببن لەو ماوەیەدا هەتا تەواو چاک دەبنەوە.ووشک بوونەوە بەهۆی ڕۆژووەوە زۆر مەترسیدارە گەر بێت و هەمان کات (تا)ت هەبێت.

٤- بەردی گورچیلە: نەخۆشییەکانی گورچیلە باشترە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی گورچیلە بکەن.زۆربەیان دەتوانن بەڕۆژوو ببن بەڵام هەندێکیان مەترسیدارە وەکو سستی گورچیلە.

٥- ئافرەتی دووگیان: قسە زۆرە لەسەر ئەمە هەم لە ڕووی زانستی پزیشکی هەم لە ڕووی فەتوا شەرعییەکانەوە. دووگیانی نەخۆشی نییە بەڵام هەر ووشک بوونەوەیەک یان فشارێیکی دەروونی خراپە بۆ منداڵ و دایکە سک پرەکەش.باشترە لەگەڵ پزیشکانی ژنان و مناڵبوون ڕاوێژ بکەن.

٦- ڕەبوو: ئەمیش نەخۆشییەکی باوە لای خۆمان. گەر بێت و ڕەمەزان لە مانگە گەرمەکان بێت،باشترە بەڕۆژوو نەبن لەبەر ووشک بوونەوەکە.
تێ بینی: پەمپی رەبوو ڕۆژوو ناشکێنێت!

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن