ئەمریکا بەشێکی دیکەی هێزەکانی لە عیراق دەکشێنێتەوە

عێراق

08/04/2021     ژمارەی بینراو 137

راچڵەکین-

لەمیانی گەڕی سێیەمی گفتوگۆی سیتراتیژیی نێوان ئەمریکا و عیراق، بڕیاری بەردەوامیی کشاندنەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرکرا.

قۆناغی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عیراق، ئەمڕۆ بە بەشداریی ئانتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، فوئاد حوسێن ھاوتا عیراقییەکەی، ژمارەیەک دیپلۆماتی دیکە بەشێوه‌ی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.

لە دوای کۆبوونەوەی ھەردوولا، راگەیەندراوێکی ھاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا جەخت لەوەکرایەوە کە ئەمریکا رێز لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری عیراق دەگرێت، هەورەها ھەماھەنگی بەھێزی ئابووریی نێوان ئەمریکا و عیراق کرا و  جەختی لەسەر کرایەوە.

هه‌روه‌ها ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەربازانی ئەمریکا لە عیراق لەسەر بانگهێشتی حكوومه‌تی بەغدا بەمەبەستی پشتیوانییکردنی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، له‌ وڵاتەكه‌دا بوونیان هه‌یه‌.

لە راگەیەندراوە ھاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و عیراق هه‌روه‌ها ھاتووە: "بۆ له‌مه‌ودوا ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان بە زۆری ئەرکی راوێژکاریی و راھێنان دەگرنە ئەستۆ، بەمەش دەرگا بۆ گواستنەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکانی دیکە دەکرێتەوە".

ھاوکات ئاماژە بەوەشکراوه‌ کە لە کۆبوونەوەکانی داھاتوو وادەی کشانەوەی ھێزە شەڕەکەرەکانی ئەمریکا لە عیراق دیاری دەکرێت و لە ئێستادا سەربازانی ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان ئەرکی راھێنان و راوێژکاریی بەجێدەگەیەنن.

گەڕی یەکەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عیراق و ئەمریکا لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ و گەڕی دووەمیش لە ٩ی ئابی ٢٠٢٠ لە واشنتۆن ئەنجامدرابوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن