راچڵەکین-
پارێزەرەکەی مامۆستا بەدەل بەرواری رایگەیاند، ئەمڕۆ خێزانەکەی ئاگاداریان کردووەتەوە کە تەندروستی باش نییە و ژیانی لە مەترسیدایە، بێ ئەوەی ئاماژە بە جۆری نەخۆشییەکەی و هۆکاری تێکچوونی باری تەندروستی بکات.
ئاسۆ هاشم، پارێزەری مامۆستا بەدەل بەرواری لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:"بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە خانەوادەی مامۆستا بەدەل بەرواری ئاگاداریان کردمەوە کە رەوشی تەندروستی مامۆستا بەدەل بەرواری زۆر زۆر خراپە و ژیانی لە مەترسیدایە".
ئاماژەی بەوەشکرد: رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدەدەین، هەموو ئەو رێکارانەی کە کردوومانە دادگا لێی وەرنەگرتووین بۆ رایگشتی ئاشکرادەکەین".
دەشڵێت:" چەند جارێک هەوڵمانداوە بیبینین بەڵام رێگەیان نەداوە".
سەبارەت بەوەی کە ئایا هەوڵدەدەن بیبین تا رۆژی یەکشەممە وتیشی:" لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندیان بەو کەیسەوە هەیە لەسەر خەتین".