سلێمانی.. تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە لەژێر هەڕەشەی چەك دزی لەماڵێك كردبوو

کوردستان

08/04/2021     ژمارەی بینراو 761

راچڵەكین –

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە دوێنێ لەژێر هەڕەشەی چەكدا لە گەڕەكی توی مەلیك دزی لەماڵێك كردبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پاش ئەوەی دوێنێ 7-4-2021، لەیەكێك لەگەڕەكەكانی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك ھەڵیكوتابووە سەر ماڵێك، كە تەنھا ژنێكی بەتەمەنی لێ بووەو لەژێر ھەڕەشەی چەكدا بڕی 65 ھەزار پاوەندو 35 ملیۆن دینار و 13 هەزار دۆلارو بڕێك ئاڵتونی دزیبوو، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، ھێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی ئەنجامدەری تاوانەكە دەستپێكرد.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەفرەزەكانی پۆلیس توانیان تۆمەتبارێك بەناوی (ئ، ك، م) لەدایكبوی 1995 بدۆزنەوەو دەستگیری بكەن.
پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشیكردووە، لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەدا، دەستبەسەر ئەو پارەو ئاڵتونانەشدا گیرا كە دزیبووی، ھەروەھا دەستیش گیرا بەسەر ئەو چەكەی تۆمەتبار بەكاریهێناوە لەكاتی تاوانەكەدا.

دوای ئەوەی تۆمەتبارەكە لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەكەیدا نا، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 433  لەیاسای سزادانی عیراقی، ڕاگیراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن