نیشانه‌كانی توشبوون به‌ نۆبەی پانیک و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

08/04/2021     ژمارەی بینراو 2123

نیشانه‌كانی توشبوون به‌ نۆبەی پانیک و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

ڕاچڵه‌كین-

ئایا هەرگیز لە ژیانتدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورە و لەناکاوی ترس و تۆقین بوویتەتەوە بەبێ ئەوەی هۆکارێکی ڕوونی هەبووبێت وە نەتتوانیبێت بەرگەی بگریت و کۆنتڕۆڵی بکەیت؟

ئەگەر تووشی ئەمە بوویت مانای ئەوەیە تۆ تووشی نۆبەی پانیک بوویت ،لەگەڵمان بە بۆ ئەوەی بزانیت نۆبەی پانیک چییە و نیشانەکانی چین و چۆن چارە دەکرێت.

نۆبەی پانیک: بریتییە لە شەپۆلێکی توند لە ترس و تۆقین، بەوە جیادەکرێتەوە کە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕوودەدات و دەبێتە هۆی لاوازبوون و لە جووڵە کەوتنێکی توند. دڵت زۆر بەخێرایی لێدەدات، ناتوانیت هەناسە بدەیت و وا هەست دەکەیت کە خەریکە دەمریت یان بەرەو شێتبوون دەڕۆیت. زۆربەی کات ڕەنگە هیچ هۆکارێکی ڕوون و ئاشکرای نەبێت، تەنانەت ڕەنگە لە کاتێکدا ڕووبدات کە زۆر ئاسوودەیت، یان ڕەنگە لە کاتی خەویشدا ڕووبدات.

زۆر کەس ڕەنگە تەنها یەک یان دوو جار لە ژیانیاندا ڕووبەڕووی ئەمە ببنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ کەس هەیە کە زوو زوو ئەم حاڵەتەیان بەسەردا دێت.

هۆکارەکە هەرچییەک بێت و هەر چۆنێک ڕووبدات، گرنگ ئەوەیە کە ئەم حاڵەتە چارەسەری هەیە و دەکرێ بە چەند ڕێگەیەک خۆت دەرباز بکەیت لە نیشانەکان و دووبارە متمانەبەخۆبوونت بگەڕێنیتەوە و کۆنتڕۆڵی ژیانت بگریتەوە دەست.

نیشانەکان:
نیشانەکان دەکرێ لە ماوەی 10 خولەکدا بگەنە لوتکە، کەمجار هەیە کە زیاتر لە كاتژمێرێك بەردەوام بێت و لە زۆربەی بارەکانیشدا لەماوەی 20 بۆ 30 خولەک نیشانەکان کۆتاییان پێدێت. دەکرێ لە هەر کات و شوێنێکدا بێت تووشی ئەم حاڵەتە ببیت، بۆ نموونە ڕەنگە لەکاتی بازاڕکردندا، یان کاتێک بە شەقامێکدا دەڕۆیت، یان لەکاتی شۆفێریکردندا و تەنانەت لەکاتی دانیشتنت لە ماڵەوە .

نیشانەکان وەکو:
1- خێرا هەناسەدان.
2-خێرا لێدانی دڵ.
3- ئازاری سنگ .
4- لەرزین.
5- ئارەقکردنەوە.
6- هەست کردن بە سەرسووڕان و گێژبوون و بوورانەوە.
7- هەست کردن بە سڕبوون و مێروولەکردن.
8- ترس لە مردن، لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ.

چارەسەر:
گرنگ نییە حاڵەتەکەت چەندە بەهێزە، کۆمەڵێک ڕێگە هەن کە دەتوانی جێبەجێیان بکەیت بۆ ڕزگاربوون لەم حاڵەتە، لەوانە:

1-خوێندنەوە و فێربوون دەربارەی ئەم حاڵەتە: بە زانین و پەیداکردنی زانیاری لەسەر نۆبەی پانیک، قەلەقی و هەر ناتەواوییەکی دیکەی دەروونی، دەکرێ لەوە تێبگەیت کە ڕوودانی ئەم جۆرە شتانە ئاسایین و دەکرێ چارەسەر بکرێن.
2- خۆبەدوورگرتن لە جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول، کافایین.
3-دەبێت فێری ئەوە ببیت کە چۆن هەناسەدانت کۆنتڕۆڵ دەکەیت: خێرا هەناسەدان ڕەنگە ببێتە هۆی دەرکەوتنی هەندێ نیشانەی دیکەی وەک (سەرسووڕان و تووندبوونی سنگ) ، لە بەرامبەردا هەناسەدانی قوڵ دەکرێ ببێتە هۆی کەمبوونەوەی نیشانەکان.
4-ئەنجامدانی تەکنیکەکانی ئیسراحەت کردن: بۆ ئێمە وەکو موسڵمان دەکرێ ئەنجامدانی پەرستشەکانی وەک نوێژ کردن ئاسوودەمان بکات.یان هەندێ تەکنیکی وەکو  یۆگا، مێدیتەیشن ببنە هۆکارێک بۆ چارەسەر.
5-کاتی زۆر لەگەڵ خێزانەکەت و کەسە نزیکەکانت بەسەر ببە، چونکە ڕەنگە تەنهایی بارودۆخت خراپتر بکات.
-هەوڵبدە وەرزشێکی ڕێک و پێک ئەنجام بدە، جا هەر جۆرە وەرزشێک بێت(ڕاکردن، ڕۆیشتن، مەلەکردن ...).
6-با خەوێکی ڕێک و پێکیشت هەبێت، نزیکەی ٧-٩ کاتژمێر خەو لە شەودا.

تێبینی/ئەم بابەتە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت ،بەڵام من هەوڵمداوە بە کورتی باسی بکەم ، ڕەنگە هەندێ جار بارودۆخەکە زۆر لەوە قوڵتر بێت و کۆمەڵێک کێشەی پەیوەندیدار بە دڵ و کێشەی دەروونی لە پشت بێت، بۆیە ئەگەر حاڵەتەکەت بەردەوام بوو پشتگوێی مەخە و بەزووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە.

و:  هێلین جەمال 



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن